چارەسەری کێشەی کورد گرێدراوی گەشەپێدانی چەمکەکانی مۆدێرنەیە

Kurd24

مەسەلەی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەیەکی ئاڵۆزە، بە چارسەرنەکردنیشی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێت، چیدی چارەسەرە تەقلیدیەکان کاریگەریان نەماوە، چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە، کورد خۆی لەگەڵ هەموو ئەو گروپ و هێزو لایەنانەی باوەڕیان بە چەمکە مۆدێرنەکان هەیە، هاوپەیمانی پێکبێنێ و بەهاوبەشی خەبات بۆ گەشەپێدان و قوڵکردنەوەی ئەو مەفاهیمانە بکات، ئێستاش لە هەموو کاتێک زیاتر زەمینە لەبارە بۆ ئەم هاوبەشییە، دوای ئەوەی دروشمی نەتەوەیی عەرەبی و فارسی و تورکی خەریکە بەتەواوی دەپوکێتەوە، خۆیان بە دروشمی ئاینی هەڵواسیوەو ئەویش بەکردەوە فەشەلی هێناوە، بۆیە ئەو میللەتانەش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕە، جگە لە دەوڵەتی مەدەنی مۆدێرن نەبێت، هیچ بژاردەیەکی تریان نییە.

هەرچەندە کورد خۆی لەم پارچەیە نەیتوانیوە ببێتە سەکۆیەکی مەدەنی و دیموکراسی بۆ چاولێکردن، بەڵام لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە بەردەوامە، لەبەرئەوەی کورد هیچ بژاردەیەکی تری نییە، نە دەتوانێت بە سیستەمی ئاینی و نە تووندڕەوی نەتەوەیی بەردەوام بێت،  ئەمە قەدەری  ئەزموونەکەیەتی و گرێدراوی ویستی نێودەوڵەتییە، هەر بەو چەمکانەش مانەوەی خۆی گاڕانتی دەکات، ئەگەر هەرێم بیەوێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاوێکی جیاوازتر لە عیراق سەیربکرێت.

جگە لە گەشە پێدانی چەمکە مۆدێرنەکان و جێبەجێ کردنیان لەسەر ئەرزی واقیع، رێگایەکی تری نییە، ئێمە بە باڵەخانەو مۆڵ و خواردنگەکان، ناتوانین پیشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکەین، یان خۆمان جیاوازتر لە عیراق نیشان بدەین، چونکە زۆربەی سیستەمە تۆتالیتاریەکانیش توانیوایانە کەرەستەیی مۆدێرنە بن، بەڵام بەبێ عەقڵی مۆدێرنە، کەرەستەکانی مادی مۆدێرنە پێویستییەکی رۆژانەی خەڵکن و لە هەموو کۆمەڵگا داخراو کراوەکان وەک یەک دەست دەکەون، بەڵام عەقڵی مۆدێرنە پەیڕەو ناکەن.

ئەوەی کورد دەگەێنێتە مافەکانی، پەیڕەوکردنی عەقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنەیە، ئەگەرنا کەرەستەکان گرێدراوی بازاڕی ئازادن و بەحوکمی جیهانگیری دەگەنە هەموو کونجێکی ئەم جیهانە، پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە و بەبازاڕکردن و هێنانی کەرەستە مۆدێرنەکان، کارو پسپۆڕی بازگانەکانە، بەڵام گەشەپێدان و قوڵکردن و جێبەجێ کردنی عقڵ و چەمکەکانی مۆدێرنە کارو پسپۆڕی سیاسیەکانە، ئایا چەند دەتوانن وەک بازرگانەکان لە کاری خۆیان سەرکەوتووبن؟ دەسکەوتنی ئەو وەڵامە گرێدراوی داهاتوو و ئەنجامی ئەزموونەکەیەتی.