چاوشئۆغلۆ: به‌رگری له یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ، رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له به‌رگریكردن له یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی "تیرۆر" له‌و وڵاته‌دا.
چاوش‌ئۆغڵو دوای كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و رووسیا و قه‌ته‌ر له ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر له میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا بۆ میدیاكاران دوا.
چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه دا، كه له‌گه‌ڵ هاوتا رووسی و قه‌ته‌رییه‌كه‌یدا ده‌ستیان كردووه به پرۆسه‌یه‌كی راوێژكاری سێقۆڵی له‌باره‌ی سووریا و باسی له‌وه كرد، ئامانجیان هێنانه‌دی چاره‌سه‌رێكی سیاسیی یه‌كجاره‌كییه بۆ سووریا و كۆبوونه‌وه‌كانیش زۆر به سوود بوون.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ی به به‌رده‌وامی شه‌ڕی ناوخۆی سووریا دا و گوتی: "ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كانی سووریا ماوه‌ی 10 ساڵه به‌رده‌وامه. كاردانه‌وه نه‌رێنییه‌كانی ئه‌مه‌مان به‌یه‌كه‌وه بینی. هۆكاری ئه‌و ناكۆكییانه‌یش بۆ پشتگوێخستنی داواكارییه ره‌واكانی گه‌لی سووریا ده‌گه‌ڕێته‌وه. تاكه رێگه چاره‌ی ئه‌مه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانه به رێگای دانوستان له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری ژماره‌ی 2254ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیی".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسی له "په‌یه‌ده" و "په‌كه‌كه" كرد و گوتی: ئه‌وان هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی ده‌كه‌نه ئامانج و تاوانی جه‌نگیان له باكووری سووریا كردووه.
گوتیشی: له‌م دوو مانگه‌ی دواییدا 25 هاووڵاتی سووریا به ده‌ستی ئه‌و گرووپانه كوژراوون.
هه‌روه‌ها گوتی: توركیا به‌رده‌وام ده‌بێت له پارێزگاری كردن و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و شه‌ڕی گرووپه تیرۆریستییه‌كان.
باسی له‌وه‌شكرد، 6.5 ملیۆن هاووڵاتی سووریا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌ژین و له‌و ژماره‌یه، 3.6یان له توركیان.
روونیشیكرده‌وه، به گوێره‌ی زانیاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان 13.4 ملیۆن هاووڵاتی پێویستیان به كۆمه‌كی فریاگوزاری هه‌یه و 6 ملیۆن كه‌س شوێنی مانه‌وه‌ی نییه و 2.4 ملیۆن منداڵ ناتوانن بچنه قوتابخانه.
سه‌رچاوه: ئه‌نادۆڵ