هۆبەی تاقیگەی ئاوی هەولێر فێڵی چه‌ند كۆمپانیایه‌ك ئاشكرا ده‌كات

"ئاوی هه‌ولێر هیچ گرفتێکی نییە و زۆر پاکە"
ئه‌و ئامێره‌ی تێستی ئاوی پێده‌كرێت له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌شاری هه‌ولێر
ئه‌و ئامێره‌ی تێستی ئاوی پێده‌كرێت له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌ك له‌شاری هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

بەرپرسی هۆبەی تاقیگەی ئاوی هەولێر رایگه‌یاند، چه‌ند كۆمپانیایه‌ك فێڵ له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌ن، گوایه‌ ئاوی ماڵان پیسه‌، به‌ڵام ئه‌وان به‌و ئامێره‌ی تێسه‌كه‌ی پێده‌كه‌ن، ره‌نگی ئاوه‌كه‌ ده‌گۆڕن، بۆیه‌ هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئاوی هه‌ولێر هیچ گرفتێکی نییە و زۆر پاکە، لە رووی زانستییەوە باشتریشە لە ئاوی کانزایی، کە رۆژانە زۆرینەی خەڵکی بەکاری دەهێنن.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:

ماوەیەکی زۆره چەند كۆمپانیایەک به ناوی ئەوەی گوايه ئاوی ماڵان پيسه، تێستی ئاوەکان دەکەن، به شێوەیەکی چەواشەکاری، بەڵام ئێمە وەک تاقيگەی ئاوی هەولێر ئەوه‌ رەتدەکەینەوە، کە توانەوەی یەکێک لەو دوو جەمسەرەی کە لەناو ئاوەکە دادەنرێت، بە هۆی روودانی كارلێکی كيمیکی لەگەڵ خوێیەکە دەبێتە دروستبوونی هایدرۆکسیدی ئاسن، بەهۆی ئەوەش رەنگی ئاوەکە زەرد دەبێت، چونکە یەکێک لە جەمسەرەکان لە ئاسن دروست کراوە، بۆیە ئاوەکە گۆڕانکاری بەسەردێت و لەگەڵ خوێیەکە دەست بە توانەوە دەکات و رەنگی ئاوەکە دەگۆڕێت، بەڵام جەمسەری دووەم لە ئەلەمنیۆم دروستکراوە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت، لێرە هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، کە ئاوی شارە خۆشەویستەکەمان هەولێر، هیچ گرفتێکی نییە و زۆر پاکە لە رووی زانستییەوە، باشتریشە لە ئاوی کانزایی، کە رۆژانە زۆرینەی خەڵکی بەکاری دەهێنن.

تێبینییەکی گرنگ: ئەوەی باسمان کرد لەم ئاوەی کە تایبەتە بە کۆمپانیاکە، کاتێک کە ئاوەکەی خۆیان تێست دەکەن، هیچ گۆڕانێک روونادات، چونکە ئاوەکەی خۆیان هەموو جۆرە خوێیەکی لێ داماڵراوە، بۆ ئەوەی رەنگی نەگۆڕێت و فێڵ لە هاووڵاتیان بکەن.

هێرش عەبدوڵڵا

بەرپرسی هۆبەی تاقیگەی ئاوی هەولێر