دەستەی ئاماری کوردستان رێژەی هەڵاوسانی بڵاوکردەوە
K24 - ههولێر:
دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان رایگهیاند، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پارێزگای سلێمانی لە ریزبەندی یەکەم دێت لە بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان، نرخی ھەندێك شتومەک به رێژهی (18%) بەرزبووەتەوە، ئەمەش ھۆکاری ھەڵاوسانە، ئابووریناسێکیش ئاماژهی بهوه كرد، خەڵکێکی زۆری ناوچەکانی دیکەی عێراق روو له سلێمانی دەکەن، بۆیە نرخەکان زیاد دەبێت و ھەڵاوسان روودەدات.
دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، لە راپۆرتی مانگانەی تایبەت بە بەرزبوونەوەی رێژەی ھەڵاوسانی نرخ روونیكردهوه، بەگوێرەی راپۆرتەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پارێزگای سلێمانی لە ریزبەندی یەکەم دێت لە بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان، ھەولێریش لە پلەی دووەم، بەڵام لە پارێزگای دھۆک دۆخەکە ھەر وەک خۆیەتی، سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی ئاماژهی بهوه كرد، بەھۆی داکەوتنی بههای دینار بەرامبەر دۆلار، نرخی ھەندیک شتومەکی به رێژهی (18%) زیاد کردووە.
سەبارەت ئەم جیاوازییەی لە رێژەی بەرزبوونەوەی ھەڵاوسانی نرخ لە نێوان پارێزگاکاندا ههیه، خالید حەیدەر، پسپۆڕی ئابووری، ههڵاوسانهكه بۆ ئهوه دهگهڕێنێتهوه، كه ھاوڵاتییەکی زۆر روو له سلێمانی دەكهن، بەتایبەت لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بههای دۆلاریش نرخەکان زیادیان کرد، کە ھۆکاری ئەو ھەڵاوسانەیە.
یەکێک لەمەترسییەکانی دابەزاندنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان و بێبەھابوونی دراوی نیشتمانییە، بەرامبەر دراوە جیھانیەکان، کە لە دوای ساڵی (2003)ـەوە، بەشێوەیەک سەقامگیری بەخۆیەوە بینیووە.
د.ی