رووسیا هەڕەشە لە ئەمه‌ریکا دەکات

"هەرجۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی رووسیا، بەدڵنیاییەوە وەڵامی توندی بەدوادا دێت"
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا

K24 - هه‌ولێر:

رووسیا هەڕەشە لە ئەمه‌ریکا كرد و رایگه‌یاند، وەڵامی توندیان بۆ رەوانەکردنی مووشەکی مامناوەند و کورتمەودا بۆ ئاسیا- زەریای هێمن دەبێت.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی: "پلانی رەوانەکردنی مووشەکی مامناوەند و کورتمەودا لەلایەن واشنتنەوە، ئاسایشی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانیشی لە ناوچەکە ناپارێزێت.

گوتیشی: "رەوانەکردنی مووشەکی مامناوەند و کورت مەودا بۆ ناوچە جیاوازەکان لە جیهان و بەتایبەت بۆ ناوچەی ئاسیا- زەریای هێمن کاریگەری لەسەر تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبێت".

زاخارۆڤا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، جارێکی دیکە دەبێتەوە هۆی دەستپێکردنەوەی پێشبرکێی چەک و دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراوی لێدەکەوێتەوە، بە روونی بڵێم هەنگاوێکی لەم جۆرە ئاسایشی ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانیشی بەهێز ناکات، هەرجۆرە هەڕەشەیەک لە خاکی رووسیا، بەدڵنیاییەوە وەڵامی توندی بەدوادا دێت.

زاخارۆڤا، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌، لەم رووەوە هۆشداری دەدەینە ئۆکرانیا لە ئەگەری هەر سیناریۆیەك لە دۆنباس، جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی ئۆکرانیا دەکەین واز لە دروستکردنی رێککەوتن و دۆکیۆمێنتی نوێ بهێنێت و پابەندی رێککەوتنی مینسک بێت.

د.ی