داوای تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەکرێت
K24 – ھەولێر
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، زۆربەی پەرلەمانتار و لایەنەكان پاڵپشتی ئەوە دەكەن لە كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان بودجە تێپەڕێندرێت.
موزر کەرەوی، ئەندامی لیژنەی هەرێمەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، 80% هێزە سیاسییەکان پاڵپشتی ئەوە دەکەن پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق رۆژی دووشەممە تێپەڕێندرێت.
کەروی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، پڕۆژەیاسای بودجە لە گرنگترین ئەو یاسایانەیە کە خەرجییە گشتییەکانی حکومەت و وەزارەت و دامەزراوەکان دیاریدەکات، و چوارچێوەی چالاکی ئابووری و دارایی ساڵانەی حکومەت رێکدەخات.
راشیگەیاند، درەنگ کەوتن لە پەسەندکردنی زیانێکی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت ئێستا دەوڵەت گیرۆدەی لێکەوتەکانی پەتای کۆرۆنا بووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان پاڵپشتی لە کۆدەنگی دەکەن و هیواخوازن پڕۆژەیاسای بودجە ببێتە دەروازەیەک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.
باسی لەوەشكرد، دۆخی ئێستا دەخوازێت هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێندرێت و کار لەسەر چاکسازی و بونیاتنان بکرێت.