تاریق نەیتوانی چارەسەری نەخۆشی ھاوسەر و كچەكەی بكات "بە مینێكی پەكەكە شەھیدبوو"

برای شەھید تاریق قادر: ئەو شوێنەی پەكەكە مینی لێ داناوە ھیچ مەترسی بۆ ئەوان نییە
شەھید تاریق قادر - سابیر تاریق برای شەھید
شەھید تاریق قادر - سابیر تاریق برای شەھید

K24 – سیدەكان

تاریق قادر، چەند ساڵێك بوو لە نەخۆشخانەكان دەگەڕا، بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشی ھاوسەر و كچەكەی بكات، بەڵام شەوی رابردوو بە مینێكی چێندراوی پەكەكە شەھیدبوو.

شەوی رابردوو لە سنووری ناحیەی سیدەكان مینێكی چێندراوی پەكەكە بە ئۆتۆمبێلێكدا تەقییەوە بەو ھۆیەوە پێشمەرگەیەك بەناوی تاریق قادر شەھید بوو، پێشمەرگەیەكی دیكەش بەناوی مزەفەر فەرهاد برینداربوو. برای شەھید تاریق رایگەیاند "ئەو شوێنەی پەكەكە مینی لێ داناوە ھیچ مەترسی بۆ ئەوان نییە، ئەوێ رێگای سەرەكییە و نازانین بۆچی مینیان لەوێ داناوە".

سابیر قادر، برای شەھید تاریق، بە كوردستان24ی گوت: "ئەو شوێنەی براكەم لێی شەھیدبوو رێگای سەرەكییە و كیلۆمەترێك لە گوند دوورە، ئەوێ رێگای سەربازیی نییە نازانین بۆچی پەكەكە مینیان لەوێ داناوە".

گوتیشی: "براكەم خێزاندارە و لە ساڵی 1997ـەوە بووەتە پێشمەرگە سێ كچ و كوڕێكی ھەیە، ھاوسەرەكه‌ی و كچێكی چەند ساڵێكە تووشی نەخۆشی درێژخایەن بوونە، چەندین جار بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەكانی ھەولێر و دھۆك و تارانی كردووە، بۆ ئەوەی چارەسەری ھاوسەر و كچەكەی بكات".

ئەو كە ئێستا خەفەتبارە بۆ شەھیدبوونی براكەی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "پێشتریش ئامۆزایەكم بە دەستی چەكدارانی پەكەكە شەھید كراوە".

سابیر قادر دەشڵێت: "دوای رووداوه‌كه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كه‌ (مزه‌فه‌ر فه‌رهاد) ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ مینێكیان پێدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانیش چوونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌".

داواش لە پەكەكە دەكات، شەڕ لە ناوچەكەیان دوور بخەنەوە و سەنگەرەكانیان ببەنەوە ناو خاكی باكووری توركیا.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ به‌هرام عه‌ریف یاسین، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هه‌ڵگوردی هێزی پێشمەرگە به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند: "ماوه‌یه‌كه‌ په‌كه‌كه ده‌ستی به‌ مینڕێژكردنی ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و ئه‌مه‌ش مه‌ترسی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان دروستكردووه"‌.

فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی هه‌ڵگورد، ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەو كارە بەرنامە بۆ داڕێژراوە و ئه‌و مینه‌ش له‌ رێگه‌ی كۆنتڕۆڵه‌وه‌ ته‌قیندراوه‌ته‌وه"‌.

كاتژمێر 9:30ی خوله‌كی شه‌وی رابردوو، له‌ ده‌ڤه‌ری سیده‌كان، دوو پێشمه‌رگه‌ی فه‌رمانده‌یی هه‌ڵگۆرد، له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئه‌رك، مینێكی چێندراوی په‌كه‌كه‌یان پێدا ته‌قیه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌كان به‌ناوی تاریق قادر شێخ زاده‌ شه‌هید بوو، هاوڕێكه‌شی به‌ناوی مزه‌فه‌ر فه‌رهاد برینداربووه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، مینه‌كه‌ له‌ گه‌رووی سنگا به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یاندا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ جۆری نیسان پاترۆله‌، گه‌رووه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان قۆپی هاجه‌ر و بێركم، له‌ ده‌ڤه‌ری سیده‌كان.