ئۆپێك ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی لەمانگی شوبات ئاشكراكرد

ئۆپێك: نەیجیریا و عێراق ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان بەرزكردووەتەوە
ئۆپێك: نەیجیریا و عێراق ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان بەرزكردووەتەوە
ئۆپێك: نەیجیریا و عێراق ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان بەرزكردووەتەوە

K24 – ھەولێر:

رێكخراوی ئۆپێك دواین راپۆرتی لەبارەی ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە مانگی شوباتی رابردوو بڵاوكردەوە، تیایدا دەركەوتووە دوای نەیجیریا، عێراق دووەم وڵات بووە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتەكەی زیادكردووە، بەپێچەوانەشەوە ھەر یەك لە سعوودیە و ئیمارات و گینیا زۆرترین نەوتیان كەمكردووەتەوە.

وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپێك لەپێناو سەقامگیركردنی بازاڕ و بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، جەخت لەسەر پابەندبوون بەرێككەوتنی ئۆپێك پڵەس دەكەنەوە و لەماوەی رابردووداشدا، وەك خۆیان باسی دەكەن، بە كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت سوودیان لەو رێككەوتنە بینیوە، بەڵام بەگوێرەی دوایین راپۆرتی مانگانەی رێكخراوه‌كه، لەمانگی شوباتی رابردوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت، عێراق لە ریزبەندی دووەم ھاتووە لەنێو 13 وڵاتی ئەندام لە ئۆپێك، كە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتەكەی بەرزكردووەتەوە.

ئۆپێك لەراپۆرتەكەیدا ئاشكرایكردووە، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لەلایەن ئەندامانی ئۆپێك لەمانگی رابردووو دابەزیووە بۆ 24 ملیۆن و 848 ھەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەم رێژەیەش بەراورد بە مانگی كانوونی یەكەمی دووەم 647 ھەزار بەرمیلی رۆژانە كەمیكردووە.

ئۆپێك ئاماژەی بەوەشكردووە، مانگی كانوونی دووەم وڵاتانی ئەندام لەئۆپێك زیاتر لە 25 ملیۆن و 496 ھەزار بەرمیل نەوتیان رۆژانە بەرھەمھێناوە، ھەروەھا 9 وڵات لە نێو وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێك ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان بەرزكردووەتەوە، بەجۆرێك نەیجیریا لەمانگی شوباتی رابردوو 162 ھەزار بەرمیلی رۆژانەی زیادكردووە و عێراقیش ئاستی بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوتی 59 ھەزار بەرمیل زیادكردووە و بەرھەمەكەی گەیاندووە 3 ملیۆن و 898 ھەزار بەرمیلی رۆژانە.

ئۆپێك لەراپۆرتەكەیدا ئەوەشی خستووەتەروو، ئێران ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی 35 ھەزار بەرمیل بەرزكردووەتەوە ھەروەھا ڤەنزوێلا و لیبیاش 33 ھەزار بەرمیل رۆژانەیان زیادكردووە، دوای كوێت 8 ھەزار بەرمیل و جەزائیر و گابوون 7 ھەزار بەرمیل و ھەروەھا كۆنگۆ بە بڕی 3 ھەزار بەرمیلی رۆژانە بەرھەمھێنانی نەوتیان زیادكردووە.

لەبەرامبەردا چوار وڵاتی ئەندام لە رێخكراوی ئۆپێك، ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتیان دابەزاندووە، بەجۆرێك ھەریەك لە سعوودیە 930 ھەزار بەرمیلی رۆژانەو ئەنگۆلا 50 ھەزار بەرمیل و گینیا 13 ھەزار بەرمیل و ئیماراتیش ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دابەزاندووە.