ئێران به نامه‌یه‌ك هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌خاته‌ڕوو
K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌باره‌ی بۆچوونی تاران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی، نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی "جۆزێف بۆریل"ی هه‌ماهه‌نگكاری لیژنه‌ی هاوبه‌شی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی كرد.
سه‌عید خه‌تیبزاده، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتی: "نامه‌كه بۆچوونی تاران له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌خۆده‌گرێت و هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تێدا نییه".
خه‌تیبزاده ئاماژه‌ی به‌وه كرد، زه‌ریف له نامه‌كه‌دا "بۆریل"ی ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كه وه‌ك لایه‌نێكی پێشێلكار، پێویسته واشنتن بۆ رێككه‌وتنه‌كه بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت هه‌نگاو به‌ره‌و چاكسازی بنێت، له‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و سه‌پاندنی سزاكان كردوویه‌تی.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران روونیكرده‌وه، زه‌ریف پێشتر چه‌ندین نامه‌ی بۆ "بۆریل" ناردووه و پیش‌تر بۆ "فیدیریكا مۆگێرنی"، كه پێشتر ئه‌و پۆسته‌ی هه‌بوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نامه‌كه هه‌مان ناوه‌ڕۆكی پێشووی هه‌یه.
جاك سولیڤان، راوێژكاری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، دوێنێ رایگه‌یاند، واشنتن ناڕاسته‌وخۆ له گه‌ڵ ئێران له په‌یوه‌ندی دایه، بۆ گفتوگۆكردنی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.
سه‌رچاوه: RT
د.ی