سەرۆك مەسعود بارزانی له‌گه‌ڵ تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆك بارزانی: ده‌بێت حكومه‌ت هەموو هەوڵەكان لە دەوری ئەوەدا چڕ بكاتەوە، كە دەسەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە كار بهێندرێن
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ تیمی پارتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ تیمی پارتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24- هه‌ولێر:

رۆژی شەممە (13ه‌ ئازار/ مارسی 2021) لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد.

لە كۆبوونەكەدا سەرەتا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی كار و بەرنامەكانی حكومەت و هەنگاوەكانی پڕۆسەی چاكسازی لە بواری كەرتی نەوت و پێشمەرگە و بوارە جیاجیاكانی تر و هەنگاوەكان بۆ زیادكردنی داهاتی حكومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان خستەڕوو. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە، كابینەی حكومەتی هەرێم وەك تیمێكی هەماهەنگ و پتەو و بە بێ جیاوازیی نێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە دەبات و هەوڵی ئەوەش دەدات، بۆ دابینكردنی داهات و خزمەتكردنی خەڵك پشت بە خۆی و تواناكانی هەرێم ببەستێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كرد و لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەكان لە ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و یەكڕیزیی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم روونكردنەوە و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو. هەروەها دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی تیمی پارتی لە حكومەت كرد و رایگەیاند پێویستە هەمووتان خۆتان بە خزمەتكاری گەلی كوردستان بزانن و دەبێ لەناو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە و خەڵكی هەژاری وڵاتدا بن و هەموو هەوڵەكان لە دەوری ئەوەدا چڕ ببێتەوە، كە دەستەڵات بە دروستی و بۆ خزمەتی جەماوەر بە كار بهێندرێن. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا، كە رێبازی بارزانی رێبازی خزمەتكردنی خەڵكە و پێویستە خەڵكی كوردستان كەرامەتی خۆی لە حكومەتەكەی خۆیدا ببیننەوە.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا، سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ حكومەتی هەرێم دووپات كردەوە و داوای كرد، حكومەت بە پێداگری و هێزەوە لەسەر پڕۆسەی چاكسازی بەردەوام بێت و ئامادەیی خۆشی راگەیاند بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی ئەوەی پێویست بێت یارمەتیدەری حكومەتی هەرێم دەبێت.

H.B

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ تیمی پارتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ تیمی پارتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان