كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چارەسەر دەكرێت

"لە رۆژانی نەورۆزدا ھاتووچۆ لەناوخۆی ھەرێمی كوردستان ئاسایی دەبێت"
بەنزینخانە
بەنزینخانە

K24 – ھەولێر

پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، ھۆكار زۆرن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، ئەو گفتە كاتییە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان چاودێری دەكات و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەو گرفتە چارەسەر دەكرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "وەك پارێزگاری ھەولێر و حكومەتی ھەرێمی كوردستان چاودێری و بەدواداچوون بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەكەین، ئەو گرفتە كە ھەموو پارێزگاكانی گرتووەتەوە ھۆكاری زۆرن، بەڵام كێشەكە كاتییە و لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا چارەسەر دەبێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی ھاتووچۆ لە رۆژانی نەورۆزدا، ئومێد خۆشناو گوتی: "لە رۆژانی نەورۆزدا لە بازگەكانی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان پشكنین بۆ ھیچ كەس ناكرێت، بەڵام ئەو گەشتیارانەی لە شارەكانی دیكەی عێراق دێنە كوردستان پشكنینیان بۆ دەكرێت، ھەروەھا ئاسانكاری دەكرێت بۆ ھاتووچۆی ھاووڵاتیی و گەشتیاران".