بیتکۆین 60 هەزار دۆلاری تێپەڕاند

لە رۆژێکدا نزیکەی 7% بەرزبووەتەوە
بیتکۆین دراوی ئەلیكترۆنی
بیتکۆین دراوی ئەلیكترۆنی

K24 - ھەولێر

بۆ یەکەمجاره‌ بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین ئاستی 60 هەزار دۆلاری تێپەڕاند و شارەزایان هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە بۆ دابەشکردنی پاکێجی پلانی هاندانی دارایی ئەمریکا دەگەڕێننەوە.

بەگوێرەی پێگەی کوین مارکێت کاب کە تایبەتە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان، بەهای دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بۆ 60 هەزار و 833 دۆلار بەرزبووەتەوە.

بەوەش بەهای بیتکۆین لە ماوەی رۆژێکدا نزیکەی 7% بەرزبووەتەوە و لەسەر ئاستی هەفتانەش بە رێژەی 23.63% بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە.

شارەزایه‌کی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو بەهای بیتکۆین بە شێوەیەکی بەرچاوبەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ چاوەڕوانی وەبەرهێنەران بۆ بەدەستگەیشتنی چەکی پلانی هاندانی دارایی دەکەن.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە، هاووڵاتییان ئەمەریکا چەکی بانکی و حەواڵەیان بە بەهای 1400 دۆلار بۆ هەر تاکێک بەدەست بگات، ئەوەش لە چوار چێوە پلانی هاندانی دارایی کە قەبارەکەی ترلیۆنێک و 900 ملیار دۆلار و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر کردووە.