دۆلار بازاڕی مامەڵەكارانی دراوی لە كوردستان سستكردووە

بەشێكی مامەڵەكاران چاوەڕێی دابەزاندنی بەھای دۆلار دەكەن
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ماوەی ھەفتەیەكە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەكان لە ھەرێمی كوردستان بە تەواوی رێچكەی ناجێگیریی و سستبووەی وەرگرتووە، لەلایەكی دیكەوە بەھۆی دابەزاندنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، نرخی سەرجەم كاڵاكان گرانبوونەو بازرگانانیش كارەكانیان سنووردار كردووە، بەشێكی زۆری مامەڵەكاران و بارزگانان چاوەڕێی دەستكاریكردنی دۆلار دەكەن و بەشێكی دیكەشیان بە مەحاڵی دەزانن.

بەگوتەی مامەڵەكارانی دراو 20 ساڵە ھێندەی ئەم ھەفتەیە بازاڕەكەیان بەو شێوەیە سست نەبووە، دڵەڕاوكێ و نادڵنیایییەكان بازاڕی بەرێژەیەكی بەرچاو وەستاندووە، كاسبكارانیش بەدیار ئامێری پارە ژماردن بێكار دانیشتوون.

ھێشتا مامەڵەكارانی بازاڕەكە لە گرانی بەھای دۆلار رانەھاتوون، چاوەڕێ دەكەن لە بەغداوە بەھای دینار جارێكی دیكە بەرزبكرێتەوە، كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەسەر بازاڕەكە بەروونی دیارە، بەشێكی زۆری بازرگانان كڕینی دۆلاریان سنوورداركردووە و سەردانی بازاڕی ئاڵۆگۆڕی دراو ناكەن.

بە كاریگەری دابەزاندنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، نرخی كەلوپەلەكانیش بەرێژەی جیاواز گرانبوونە، لە بارەی داھاتووی دۆلاریش، ژمارەیەكی زۆری مامەڵەكار و بازرگان پێانوایە بازاڕەكە رێچكەی خۆی گرتووەو بێھیواشن لە دەستكاریكردنی بەھای دۆلار بەرامبەر دینار.