كێشه‌كانی میدیا
میدیا وه‌ک پیشه، میدیاکاری پیشه‌کار به‌رهه‌مدێنێت، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی خه‌ڵکانی ئه‌ماتۆر (Amator)، که خه‌ڵکانێکی ئامانجکارن، واتا له خۆشیی گه‌یشتن به ئامانجێک هه‌ڵده‌ستن به کردنی کارێک. ئه‌مانه خۆشه‌ویستییان بۆ ئامانجه‌کانیانه نه‌ک بۆ پیشه‌کانیان.
لێره‌دا ده‌بینرێت، که که‌سی پرۆفیی خاوه‌نی کوالیتێتێکی بڵنده له کاره‌که‌یدا. هه‌ربۆیه میدیای پرۆفێشیۆناڵ خاوه‌نی میدیاکاری پرۆفێشیۆناڵه، خاوه‌نی رۆژنامه‌وان، په‌یامنێر و نووسه‌ری پرۆفێشیۆناڵه.
ئه‌مانه کاره‌که‌یان وه‌ک پیشه هه‌ڵبژاردووه، خۆشه‌ویستیی ئه‌وان بۆ کاره‌که‌یانه نه‌ک بۆ ئامانج. خۆشه‌ویستیی ئه‌وان بۆ گه‌یاندنی زانیاریی و گه‌یشتنه به ڕاستیی. میدیای پرۆفێشیۆناڵ به‌ده‌ر له زانیاریی و راستیی هیچ ئامانجێکی تری نییه، هه‌ر بۆیه خۆشه‌یستییان بۆ زانیاریی و ڕاستیی وه‌ک خۆشه‌ویستییانه بۆ پیشه‌که‌یان. ئاخر ڕاستیی و زانیاریی دوو دیوی یه‌ک دراوی میدیان.
میدیا کۆمه‌ڵگا فێری نه‌ریتی پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن ده‌کات، فێری زمانێکی باڵای ده‌کات، فێری گه‌ڕانی به‌دوای ڕاستییدا ده‌کات، فێری قووتکردنه‌وه‌ی پرسیار و ره‌خنه‌ی هه‌میشه‌یی ده‌کات. میدیا کۆمه‌ڵگا فێر ده‌کات، که هه‌میشه هه‌موو شت بخاته ژێر ره‌خنه‌وه.
هه‌ندێک میدیا له باشووری کوردستاندا هه‌ن، که خاوه‌نی ده‌زگان، خاوه‌نی کارمه‌ندانێکی زۆر و توانایه‌کی باشی ماددیین. به‌شێک له‌مانه به‌رده‌وام له هه‌وڵی گه‌شه‌کردن و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردندان، ئامانج تێیدا پێشکه‌وتن و نوێبوونه‌وه‌یه. به‌شێکی تریش به‌داخه‌وه هه‌تا بێت به‌ره‌و لادان ده‌ڕۆن و به‌رگێکی ئه‌ماتۆرییان پۆشیوه. ئه‌مجۆره میدیایه له ماوه‌ی رابوورددا خۆشه‌ویستییان بۆ ئامانجێک به‌رهه‌مهێناوه، که له ڕێگای میدیاوه خۆشه‌ویستیی خۆیان بۆ ئامانجه‌کانیان په‌خش ده‌که‌ن.
کولتووری رق و کینه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، به‌داخه‌وه هه‌تا بێت روو قایمتر ده‌بێت و به ئاشکرا خۆی نمایش ده‌کات. ئه‌م کولتووره له میدیادا به ئاشکرا ده‌ناسرێته‌وه، له‌کاتێکدا ده‌بوو میدیای پرۆفێشیۆناڵ هه‌رگیز رێگای به‌خۆی نه‌دایه، که به‌مشێوه نزمه خۆی نمایش بکات.
له چه‌ند ساڵی رابوورددا چه‌نده‌ها میدیای ئه‌ماتۆر هه‌ڵتۆقین، به‌تایبه‌ت له سۆسیال میدیادا. هه‌بوونی چه‌ند کامێرایه‌کی مۆدێرن و چه‌ند بێژه‌ر و په‌یامنێرێک به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیی خۆیان بۆ ئامانجێک پراکتیزه بکه‌ن. ئامانجه‌کانی ئه‌مانه‌ش سانا ده‌رده‌که‌وێت، که بێجگه له په‌ره‌پێدان به کولتووری رق و کینه هیچی تر نییه. مرۆڤ هه‌میشه ده‌توانێت ره‌خنه بگرێت، لێ ره‌خنه هه‌رگیز نابێت ببێته ئامڕازێک بۆ گه‌یشتن به ئامانجی ویستێکی ویستراو. هه‌میشه‌ش که قسه له‌سه‌ر ویستێکی ویستراو ده‌کرێت، مه‌به‌ست تێیدا ئه‌وه‌یه، که خه‌ڵکانێک، لایه‌نێک، سه‌رکرده‌یه‌ک، سیاسییه‌ک خاوه‌نی ویستێکه و میدیاش ئامڕازێکه بۆ گه‌یشتن پێی.
زۆر جار ئه‌م خه‌ڵکانه و ئه‌م سه‌رکرده و سیاسییانه خۆیان خه‌ڵکانی ئه‌ماتۆرن، هه‌ربۆیه میدیا به‌و شێوه‌یه ئاڕاسته ده‌کات، که له خزمه‌تی ئامانجه‌کانیدا بێت. هه‌ربۆیه زۆرجار ده‌بینین، که میدیایه‌ک وێڕای ئه‌وه‌ی رووی ئه‌وه‌ی نییه، که نه گوێی لێبگرین، نه بیخوێنینه‌وه و نه تێیدا بنووسین، که‌چی زیاتر سه‌رقاڵمان ده‌کات به خۆیه‌وه، چونکه له خه‌می ئه‌وه‌داین، که ئه‌مجۆره کاره ئه‌ماتۆرییانه کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤیان له‌سه‌ر هاووڵاتییان هه‌بێت.
هه‌ندێک میدیا سه‌ره‌تا به شێوه‌یه‌کی نایاب ده‌ستیانپێکرد، لێ وره ورده رۆچوون و جیاوازییه‌کی وه‌هایان له‌گه‌ڵ میدیای ئه‌ماتۆردا نه‌ما. ئیمڕۆ ژماره‌ی میدیای ئه‌ماتۆر له ژماره‌ی میدیای پرۆفێشیۆناڵ زیاتره.
بۆ من له ئێستادا هیچ جیاوازییه‌ک له‌نێوانی ئازادیی راده‌ربڕیین و به‌ره‌ڵایی راده‌ربڕییندا نییه. چونکه له میدیای ئه‌ماتۆردا رۆژانه به‌ره‌ڵڵایی راده‌ربڕیین سه‌رقاڵمان ده‌کات به خۆیه‌وه. سه‌رقاڵمان ده‌کات، چونکه له خه‌می ئه‌وه‌داین، که ئه‌م کولتووره زیانێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی و نیشتیمانییمان پێبگه‌یه‌نێت. لێ هه‌مانکات میدیای پرۆفێشیۆناڵیش، زۆر جار خۆی رێگره له گه‌یشتن به راستیی و گه‌یاندنی زانیاریی دروست به هاووڵاتییان. ڕێگره چونکه خۆپارێزه، خۆپارێزه له کۆمه‌ڵێک گێچه‌ڵی کۆمه‌ڵایه‌تیی، ئایینیی و داد.
جیهانی ئینته‌رنێت سنووره‌کانی ئازادیی به‌شێوه‌یه‌کی وه‌ها به‌رفراوان کرد، که تاک پێویستی به میدیا نه‌بێت، هه‌تا له رێگایه‌وه بۆچوونی خۆی بگه‌یه‌نێت به هاووڵاتییان و به جیهان، به‌ڵکوو تاک که‌ناڵێکی یووتیووبی به‌سه بۆ سه‌ربه‌خۆکردنی خۆی. ئه‌کاونتێکی فه‌یسبووک، تویته‌ر، ئینسته‌گرامی به‌سه بۆ گه‌یاندنی بۆچوونه‌کانی خۆی به هاووڵاتییان و به جیهان. ئه‌م مۆدێله له ده‌رکه‌وتنی دۆناڵد تره‌مپه‌وه زیاتر گه‌شه‌ی کرد و گرنگیی زیاتری پێدرا. به‌ڵام هێشتا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، خه‌ڵکانێک هه‌ن، که ویستی ئه‌م شتانه‌یان نییه، نه‌ک له‌به‌رئه‌وه‌ی، که کۆنزه‌رڤاتیڤن، به‌ڵکوو له‌به‌رئه‌وه‌ی، که ئاره‌زوویان نییه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، که قسه‌کردن و راده‌ربڕیین هه‌میشه باشتره وه‌ک له هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگیی.