چاندنی دار لە یادی لە دایكبوونی مەلا مستەفا بارزانی بووەتە نەریت

پێشمەرگە چیای زەرتك سەوز دەكات

K24- هه‌ولێر:

زیاد شەرمنی، پێشمەرگەی زێرەڤانی لەپاڵ ئەرکی پاراستنی کوردستان، ژینگەی کوردستانیش سەوز دەکات و ساڵانە لە رۆژی لە دایکبوونی مستەفا بارزانی لەگەڵ پێشمەرگەکان نەمام دەچێنێت، ئەم ساڵ داری زەیتوونی چاند، کە بە داری خۆڕاگری و بەهێزی مانەوە ناسراوە.

زیاد شەرمنی گوتی: مەلا مستەفای بارزانی  نمونەی خۆراگری و بەهێزی بوو بۆ کورد و شۆرشەکەی، ئەم بەهێزیەشی بووە رێبازێک بۆ ئەوەی ئێمەش لە هەموو كات وقۆناغەکاندا خۆراگربین.

هەڵمەتی نەمام چاندنی پێشمەرگە لە چیای زەرتک تەنها بۆ رێورەسمەکە نیە، بەلكو هاوكاته لەگەڵ ئازادکردنی چیای زەرتک، كه پێشمەرگە لەم یادەدا نەمام دەچێنن و دەشيپارێزن. ئێستاش بەشێکی چیای زەرتکیان سەوز کردوە.

زیاد شەرمنی نايشارێتەوه پێشمەرگە لە هەر شوێنێک بێت جگە لە پاراستنى ئەو شوێنە ئاوەدانیشی دەکاتەوە.

بەشێکى ئەو دارانەی چیای زەرتك لەو کاتەدا چێنراون، کە داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە و ئەوان کوردستانيان دەپاراست و نەمامیشيان دەچاند.

لەگەڵ ئازادکردنی چیای زەرتک پێشمەرگەى كوردستان لەیادی 118ساڵەی لەدايكبوونى مەلا مستەفای بارزانی وەك نەريتێك ساڵانه نەمام دەچێنن. لە ماوەی 5 ساڵى رابردووشدا بە چاندنی نەمام بەشێکی ئەم چیایەیان سەوز کردوە بە جۆرێک ئەم دارانەیان گەیاندوەتە قۆناخی بەرهەمهێنان.