خراپی کوالێتی بەشە خۆراک هاووڵاتییانی نیگەران کردووە

لە پڕۆژە یاسای بودجە 795 ملیار دینار بۆ بەشە خۆراک دیاریکراوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بە مەبەستی باشتركردنی كوالێتی بەشەخۆراكی مانگانە، بۆ ئەمساڵ لە بودجەی عێراق بڕی 795 ملیار دینار بۆ کڕینی بەشە خۆراک دیاریکراوە، بەو پێییەی كە ساڵ بە ساڵ كوالێتیەكەی لە خراپبوونە، ئەوەش بووەتە جێی نیگەرانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان. بەڕێوەبەری بازرگانی ھەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات، رەنگە لە ئەمساڵدا گۆڕانكاری بەسەر بەشە خۆراکی مانگانەدا بکرێت.

بەگوێرەی ئەو خشتەیەی وەزارەتی بازرگانی عێراق دیناوە، مانگانە هەر كەسێك 9 كیلۆ ئارد، 3 كیلۆ برنج، 2 كیلۆ شەكر و یەك لیتر زەیتی پێدەدرێت، ساڵ بە ساڵیش ماددەكانی خۆراك ژمارەیان كەمدەبنەوە، پێشتر هەموو شتێك دەدرا، بەڵام ئێستا تەنیا چوار ماددە دەدرێن، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش بۆ کوردستان24 رایدەگەینێت، چاوەڕێدەكرێت لە ماوەی ئەمساڵدا گۆڕانكاری بەسەر بەشە خۆراکی مانگانەدا بکرێت.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە ساڵی رابردوودا چوار جۆر بەشەخۆراك بۆ ھەرێمی كوردستان نێردراوە، بەشی چوارەمیشی بە تەواوی نەھاتووە، ئەمساڵیش تائێستا شەكر و زەیت ھاتووە. ھۆكارەكەش ئەوەیە لە بودجەی ساڵی 2020 پارە بۆ بەشەخۆراكی مانگانە دابین نەكرا، بەڵكو لەسەر بودجەی 2019 كڕاوە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "حكومەتی ھەرێمی كوردستان پەیوەندی بە كڕینی بەشەخۆراكەوە نییە، بەڵكو حكومەتی عێراق خۆی لەگەڵ كۆمپانیا و بازرگانەكان رێكدەكەوێت".

لە هەرێمی كوردستان 6 هەزار و 911 بریكاری دابەشكردنی خۆراك و 2 هەزار و 895  بریكاری دابەشكردنی ئارد هەن، بەڵام بەهۆی خراپی کوالێتی بەشە خۆراکی مانگانەوە، بەشێکی زۆری ھاووڵاتییان بەكاری ناھێنن و زۆرجاریش بە بڕە پارەیەکی کەم دەیفرۆشنەوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە ساڵانە بڕێکی زۆر پارە بۆ کڕینی بەشە خۆراک تەرخاندەکرێت، بەڵام هاوشێوەی بەشێکی زۆر لە كەرتەكانی دیکە، گەندەڵییەكی زۆری تێدا دەكرێت.