کۆنسوڵی هۆڵەندا: ئامانجی ئێمە زیاتر بەهێزترکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە

کۆنسوڵی هۆڵەندا: دەمانەوێت کوردستان کە ناوچەیەکی سەلامەتە هێشتا سەلامەتر و ئاسایشتر بێت
kurdistan24.net

K24- ھەولێر:

کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، گەشبینین بە هەنگاوەکانی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە.

هانس ئاکیربووم، کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان به‌ کوردستان24 ی گوت: "وەک هۆڵەندا لەگەڵ بەریتانیا، ئەمەریکا و ئەڵمانیا پێکەوە راوێژکاری سەربازیمان هەن لە هەرێمی کوردستان و لە 27 پرۆژەی جیاوازدا راوێژ دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە. کۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە و دوێنێش کۆبوونەویەکمان هەبوو لەگەڵ دیپلۆمات و راوێژکارە سەربازییەکانمان، باسمان لەو بەرەوپێشچوونانە کرد، کە لەو 27 پرۆژەی کاریان لەسەر دەکەین بەدەستهاتوون، هەریەک لەو وڵاتانەی باسمکردن لەو 27 پرۆژەیەی وەزارەتی پێشمەرگە کارێکیان لەئەستۆیە".

گوتیشی: "وەک هۆڵەندا زۆر پابەندین بە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لە بوارەکانی مووچە و بودجە و بەرێوەبردن و بابەتەکانی دیکەش. ئامانجی ئێمە زیاتر بەهێزترکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە. نزیکەی 150 سەربازمان لە هەولێرن و بۆ یەک ساڵ ئەرکیان پاراستنی بەشە سەربازییەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە".

هانس ئاکیربووم روونیكردەوە، "لەسەرەتای ئەم ساڵەوە توانا و بوونی سەربازی خۆمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە، ئێستا نزیکەی 150 سەربازمان ئەرکی پاراستنی بەشی سەربازی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریان لە ئەستۆیە.

دووپاتیشیكردەوە، "گەشبینین بە هەنگاوەکانی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ئەو پرۆسەیە کاتی دەوێت".

گوتیشی: "لە سەره‌تای ئەم ساڵەوە بوونی سەربازی خۆمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر کردووە".

جەختیشیكردەوە، "لە پشتیوانی و هاوکارییەکانیشمان بەردەوام دەبین و دەمانەوێت هه‌رێمی کوردستان کە ناوچەیەکی سەلامەتە هێشتا سەلامەتر و ئاسایشتر بێت."