ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی حكومەت بەشداری لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەكەن

پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆ لەسەر كێشەكانی ھەڵەبجە دەكات
كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان - ئەرشیف
كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

 بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ ژمارەیەك وەزیر و بەرپرسی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەن کە تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر کێشەکانی پارێزگای ھەڵەبجە.

سامان ئەحەمەد بەکر، بەرێوەبەری گشتی راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەتە بە  خستنەڕووی کێشەکانی ھەڵەبجە.

گوتیشی: "کۆبوونەوەکە بە بەشداری رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و دارا رەشید وەزیری پلاندانان و بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و کەمال موسلیم وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و  ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و بەرەڤان حەمدی بریکاری وەزیری شەھیدان و ئەنفالکراوەکان و   محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان دەبێت".

بەگوێرەی زانیارییەكان وەزیری شەھیدان و پارێزگاری ھەڵەبجە بەشداری كۆبوونەوەكە نابن، چونكە كۆبوونەوەكە ھاوكاتە لەگەڵ یادی 33 ساڵەی كیمیابارانكردنی ھەڵەبجە، بەوبۆنەشەوە رێوڕەسمێك لەسەر گڵكۆی شەھیدانی ھەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.