عێراق ههموو ئهو لایهنانه قەرەبوو دهكاتهوه كه زیانی پێگهیاندوون تهنیا كورد نهبێت
K24 – ھەولێر:
لەهەر بەرمیلێك نەوت، کە رۆژانە عێراق دەیفرۆشێت، 3 دۆلار بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵات و لایەنانە تەرخانکراوە، کە رژێمی پێشووی عێراق زیانی پێگەیاندوون.
ساڵی 2009 و 2010 بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان، پەرلەمانی عێراق قەرەبووکردنەوەی زیانپێکەوتووانی دەستی رژێمی بە یاسایی کردووە و دەنگی لەسەر داوە.
لەو ماوەیەدا حکومەتی عێراق بە ملیاران دۆلار قەرەبووی زیانپێکەوتووانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی کردووەتەوە.
بەڵام تاکو ئێستا هیچ قەرەبوویەکی زیانپێکەوتووانی هەرێمی کوردستانی نەکردووەتەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان گەورەترین زەرەرمەندی گیانی و ماددی دەستی رژێمی پێشووی عێراقە.
شاری قەڵادزێ، سەنتەری قەزای پشدەر لە مێژووی حوکمڕانی دەوڵەتی عێراقدا چەندین جار لەلایەن حکومەتە یەك لەدوا یەکەکانی عێراق رووبەڕووی بۆردومان و وێرانیی بووهتەوە.
لە یەكێك گۆڕستانەكان هەندێ گۆڕ، سێ کەس یان زیاتری تێیدا نێژراوە، ئەوان لە بۆردومانی زانکۆی سلێمانی له ساڵی 1974 لە قەڵادزێ شەهید کران.
محمد زرنگ، هەم قوربانی و هەمیش ناوێکی دیارە لە داکۆكیکردن لە قوربانیانی جینۆساید، باس لە ساتەوەختی راگواستنی قەزای پشدەر و راپێچكردنی خەڵکەکەی بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێیەکان لەگەڵ نەهامەتی و دواتر تەقاندنەوەی یەکە یەکەی خانوەکانی قەڵادزێ دەکات لە ناوەڕاستی ساڵی 1989.
لەمێژووی 35 ساڵەی حوكمڕانی بەعس ماڵوێرانی گەورەی بەسەر گەلی کوردا هێناوە و تاوانی جینۆسایدی ئەنجام داوە.
دوای روخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق، هەوڵی زۆر هەبووە تا حکومەتی عێراق قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانپێکەوتووانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
دوای شەڕی کوهیت لە ساڵی 1990، عێراق ناچارکرا قەرەبووی ئەو وڵاتە بکاتەوە. ئێستا لەهەر بەرمیلێك نەوت، کە رۆژانە عێراق دەیفرۆشێت، 3 دۆلار بۆ قەرەبووی ئەو لایەنانە دەڕوات، کە عێراق زیانی پێگەیاندوون.
ئەگەرچی حکومەتی عێراق هەزاران گوند و ناوچەی هەرێمی کوردستانی وێران کردووە و دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنیشی لە پرۆسە رێکخراوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و بۆردومان شەهید کردووە و ئەو تاوانانە لەدادگای باڵا بە جینۆساید ناسێنراون، بەڵام تاکو ئێستا هیچ قەرەبوویەکی ماددی و مەعنەوی خەڵکی کوردستانی نەکردووەتەوە.