مەسرور بارزانی: حکومەتی هەرێم پێشوازی لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ژاپۆن دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق دەکات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/3/17 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سوزوکی کۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ژاپۆن، ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد، کە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا، جەختیشی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی  و بەردەوامبوونی پشتیوانیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە تایبەتی برەودان بە وەبەرهێنانی ژاپۆنیی لە هەرێم.

باڵیۆزی ژاپۆن، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بۆ ئەو هاوکاریی و ئاسانکارییەی پێشکەشی ئاژانس و رێکخراوە ناحکومییەکانی ژاپۆن لە هەرێم دەکات.

سەرۆکی حکومەت، وێڕای سوپاسکردنی پشتيوانیی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ  ژاپۆن دەکات.

لە دیدارەکەدا بەرپرسی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر ناگایاما نۆشیکۆ ئامادەی بوو، سەرۆکی حکومەت، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست بەبۆنەی تەواوبوونی کار و ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان.

دیداری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوزوکی کۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
دیداری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سوزوکی کۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق