جگە لە ئاڵای كوردستان، گۆمی فێڵاویش دەچێتە سەر پولی بەلجیكا

به‌لجیكا ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر پولی وڵاته‌كه‌ی دروستده‌كات
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

پۆسته‌ی بەلجیکا چەند ساڵێک لەمەوبەر لەسەر داواکاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، رەزامەندی لەسەر چاپکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر پولی ئەو وڵاتە دەربڕی و ئەمساڵیش رەزامەندی چاپکردنی لەسەر دوو پولی دیكە داوە.

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە كوردستان24ی راگەیاند: "پێشتر بابەتی دروستكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر پولی بەلیجكامان لەگەڵ پۆستەی ئەو وڵاتە تاوتوێكردووە، دوای گرتنەبەری رێكارەكان رەزامەندییان دا، بۆ ئەمساڵیش داوامان كرد كە دوو پولی دیكە لە وێنەی دوو ناوچەی گەشتیاری بەناوبانگی كوردستان چاپ بكەن، یەكێكیان گۆمی فێڵاوە، كە ئێستا ئەو پۆلەمان بۆ ھاتووە، ئەوەی دیكەش لە ئایندەدا دروست دەكرێت".

گوتیشی: "ئەو كارە شێوازێكی شارستانیانەیە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پەیامی خۆت بە خەڵكی ئەوروپی بگەیەنی، لە ھەمانكاتدا پەیامێكی سیاسییە".

گۆمی فێڵاو، یەكێكە لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاكێشەكانی كوردستان و كەوتووەتە سنووری قەزای چۆمانی سەر بە پارێزگای ھەولێر. ساڵانە جگە لە گەشتیارانی ناوخۆ، زۆر لە بیانییەكانیش بۆ بینینی دیمەنە سەرنجڕاكێشەكانی سەردانی فێڵاو دەكەن لە باڵەكایەتی.

ئاکۆ حەمە فەرەج، بەڕێوەبەری بەشی کونسوڵگەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ناردنی نامە و نووسراوەکان بە پولێک کە ئاڵای کوردستانی لەسەرە، خۆشحاڵی کوردستانیان و ئەو کەسانە باس دەکات، کە پۆستەکانیان پێدەگات.

ساڵی 1830 بۆ یەکەمجار بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆسته‌ لە بەلجیکا دامەزراوە و سەر بە دەوڵەتە، لە ساڵی 1992 کە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ بی پۆست و چەندین ناوی گۆڕیوە.

پۆستی بەلجیکا، ناسراو بە بی پۆست، بەرپرسە لە دابەشکردنی پۆستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی دابەشکردنی پۆست لە بەلجیکا و خاوەنی زۆرترین ژمارەی کارمەندە لە بەلجیکادا، کە خزمەتگوزاری پۆست و بانک و بیمە دابیندەکات.

ھ.م