بارزانی و فوئاد مەعسووم بارودۆخی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ دەكەن

"داوا لە بارزانی و لایەنە سیاسییەكان دەكات پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بەغدا"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/6b8ff9d9-47f3-4121-ba34-e987559065eb/araz.ism/manifest

K24 - ھەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و فوئاد مەعسووم، سەرۆك كۆماری عێراق لە ھەولێر كۆببنەوە و بارودخی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا و پرسی گەڕانەوەی فراكسیۆنە كوردستانیەكان بۆ بەغدا تاوتوێ بكەن.

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری (كوردستان24) : "فوئاد مەعسووم، لەم سەردانەیدا بۆ ھەولێر پاكێجێكی بۆ لایەنە سیاسییەكان ھێناوە، لە سەرەتادا لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و دۆخی سیاسیی و ئاڵۆزییەكانی عێراق تاوتوێ دەكەن".

پەیامنێرمان راشیگەیاند: "بەپێی زانیارییەكان فوئاد مەعسووم لەم سەردانەدا داوا لە بارزانی و ھێزە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەكات، پەرلەمانتارانی كورد بگەڕێنەوە بەغدا.

ئێوارەی دوێنێ فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر گەیشتە ھەولێر و لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی دیكە پێشوازی لێكرا.

دوێنێش فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە شاری سلێمانی لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ بەغدا كۆبوونەوە، بەڵام كۆبوونەوەكەیان بێ ئەنجام بوو، دوای كۆبوونەوەكەش لە بەیاننامەیەكدا چەند خاڵێكیان وەك مەرج بۆ گەڕانەوەیان خستەڕوو.

لە 30 نیسانی 2016، خۆپێشاندەران لە بەغدا ھەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق و ئیھانە و سوكایەتیان بە ھەندێك لە پەرلەمانتاران كرد كە ژمارەیەكیان كوردبوون، دوای ئەو رووداوەش فراكسیۆنە كوردستانیەكان گەڕانەوە كوردستان، ئێستا چاوەڕێی بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كوردن بۆ گەڕانەوەیان بۆ بەغدا.