حكومەتی توركیا بۆ داخستنی ھەدەپە ھەنگاو دەنێت

داواكاری گشتی توركیا دۆسیه‌ك بۆ داخستنی هه‌ده‌په‌ ده‌كاته‌وه‌
ھەدەپە
ھەدەپە

K24 – ھەولێر

داواكاری گشتی توركیا دۆسیه‌ك بۆ داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هه‌ده‌په)‌ ده‌كاته‌وه‌ و ھەدەپەش ئەو بڕیارە بە سیاسی ناودەبات.

حكومەتی توركیا ھەنگاوەكانی بۆ داخستنی ھەدەپە دەستپێكرد، دۆسیەكی 609 لاپەڕە لە داواكاری گشتی ئامادەكراوە كە ھەدەپەی پێ تۆمەتبار دەكرێت، وەك بانگەشەكار بۆ پەكەكە، لەبەرامبەردا ئەمڕۆ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەركردە و پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە دیاربەكر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی و ئاماژەیان بەوەدا "ئەو بڕیارەی حكومەتی توركیا بڕیارێكی سیاسییە و حزبی دەسەڵاتداری توركیا دەیەوێت بەر لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەدەپە دابخات، بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردن ركاربەری نەبێت".

ھەروەھا ھەدەپە لەو كۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا داوای لە ئەندام و لایەنگرانیان كرد، بەشداری لە ئاھەنگەكانی نەورۆز بكەن و ئیدانەی ئەو بڕیارەی حكومەتی توركیا بكەن.

بەگوێرەی ئەو دۆسیەی دژی ھەدەپە ئامادەكراوە، ناوی 687 سەركردە و پەرلەمانتاری ئەو پارتەی تێدایە توركیا تۆمەتباریان دەكات بە ھاوكاریكردنی پەكەكە و تێكدانی سەقامگیری وڵاتەكە لەنێویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوكسەكداغ، سزایی تەمەلی، پەروین بوڵدان، میتاد سینجەر ھەیە. لە ئەگەری جێبەجێكردنی بڕیاری داخستنی ھەدەپە ئەو سەركردە و پەرلەمانتارانەی ھەدەپە بۆ ماوەی 5 ساڵ كاری سیاسییان لێ قەدەغە دەكرێت.

پارتی دیموكراتی گەلان (ھەدەپە) لە 15 تشرینی یەکەمی 2012 لە ئەنقەرە دامەزراوە، تا ئێستا چوار كۆنگرەی یاسایی حزبەكە بەڕێوەچووە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ھەدەپە پارتێکی سۆسیال دیموکراتە، پابەندە بە دژایەتیکردنی سیستمی سەرمایەداری و تێدەكۆشێ بۆ کۆتایھێنانە بە ھەڵاواردنی ئایینی، رەگەزایەتی و نەتەوایەتی. ھەدەپە لەلایەن چەند کوردێکی چەپڕەو دامەزراوە و سێ لە کەسە دیارەکانی ئەو پارتە پێشتر لە پارتی ئاشتی و دیموکراسی (بەدەپە) بوون لەوانە سری سورەیا ئوندەر.

لە 4/11/2016، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ، ھاوسەرۆكانی ئەوكاتی ھەدەپە و 11 پەرلەمانتاری ئەو پارتەی بە تۆمەتی ھاوكاری و بانگەشەكردن بۆ پەكەكە دەستگیر كردن، كە تائێستا دەمیرتاش و فیگەن لە زیندانن. دوای دەستگیركرانی ھاوسەرۆكانی ھەدەپە لە 11/2/2018 كۆنگرەی سێیەمی بەبێ سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگه‌ن یوكسه‌كداغ ئەنجامدا، لە كۆنگرەكەدا ھەر یەك لە پەروین بوڵدان و سزایی تەمەلی، لە شوێنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەكداغ وەك ھاوسەرۆكی ھەدەپە ھەڵبژێردران.