مه‌سعود حه‌یده‌ر: شكستمان به پرۆسه‌ی به ئیسلامیكردنی عێراق هێنا
K24 – هه‌ولێر:
مه‌سعود حه‌یده‌ر، راوێژكاری سه‌رۆك بارزانی، رایگه‌یاند، به سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆك بارزانی و جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به هه‌ماهه‌نگی فراكسیۆنی پارتی و هاوپه‌یمانی و به‌شێك له سوننه‌كان شكستمان له به ئیسلامیكردنی ده‌وڵه‌تی عێراق هێنا، كه پڕۆژه‌ی وڵاتێكی هه‌رێمایه‌تی و هه‌ندێك هێزی ناوخۆ بوو.
مه‌سعود حه‌یده‌ر گوتیشی: جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی، ئێمه‌ی راسپاردبوو بۆ به‌دواداچوونی ئه‌م دۆسییه‌یه له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له هه‌موو شتێك گرنگتر به‌لای جه‌نابی سه‌رۆك بارزانییه‌وه ئه‌وه بوو، كورد هه‌ر بڕیارێك ده‌دات یه‌ك هه‌ڵوێستی هه‌بێت. زۆر جه‌ختیكرده‌وه، كورد یه‌ك ده‌نگ بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه سه‌یرمان كرد، شیعه له‌گه‌ڵ داواكانی كورد نییه، وتمان ئه‌م یاسایه ناهێڵین بڕوات. به دوو ئامانج، یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه ئه‌م ده‌وڵه‌ته نه‌بێته ئیسلامی و پڕۆژه‌ی به ئیسلامیكردنی عێراق شكستپێبهێنین. دووه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌سته‌به‌رییه‌كمان هه‌بێت و رۆژێك له رۆژان دادوه‌رانی كورد نه‌هێڵن مه‌ترسی درووست بێت. له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی قسه‌مان كرد، چونكه یه‌ك ئاراسته بین له په‌رله‌مان زۆر گرنگه. براده‌رانی گرووپی هیوا، كه 15 په‌رله‌مانتارن، به سووپاسه‌وه ده‌نگیان نه‌دا، چونكه ئێمه رێككه‌وتنێكی مه‌بده‌ئیمان كردووه له ماڵی سه‌رۆك كۆمار، پێویست بوو براده‌رانی یه‌كێتی رێزی ئه‌مه بگرن. هه‌روه‌ها له چه‌ند رۆژی رابردوو، زۆر جه‌ختمان له براده‌رانی یه‌كێتی كرد، با هه‌مواره‌كه بڕوات و سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی زۆر به راشكاوی وتی: ئێمه بۆ هه‌موار ناچین و بۆ ده‌نگدان به یاسا نوێیه‌كه ده‌چینه ژووره‌وه.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی یه‌كێتیشه‌وه گوتی: مه‌زنده ده‌كه‌م په‌یوه‌ندی به ئه‌جێندای سیاسی حزبه‌كه‌وه هه‌یه. به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و حزبه مومكینه له‌گه‌ڵ ئه‌جێندای وڵاتێكی ئیقلیمی یه‌كبگرێته‌وه.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی یه‌كێتییه‌وه گوتیشی: یه‌كێتی به‌و هه‌موو خه‌باته‌وه و حزبێكی سۆشیال دیموكراته و لام سه‌یره ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، روكنێكی بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراق بنه‌مایه‌كی ئیسلامی و ئاینی هه‌بێت. ئێمه هه‌میشه ده‌ڵێین دین بۆ خوا و وڵات بۆ هه‌مووان. چۆن ده‌بێت تۆ ئیش بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه بكه‌یت عێراق ببێته ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامی و تائیفه‌گه‌ری رۆڵی ئه‌ساسی هه‌بێت تێیدا. كه داوامان لێ‌كردن، ده‌نگ به هه‌مواره‌كه بده‌ن. وتیان ئه‌سته‌مه ده‌نگ ناده‌ین و له‌گه‌ڵ یاسا نوێیه‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی له‌م دوو سێ رۆژه روویدا جۆرێكی دیكه بوو له دووباره‌كردنه‌وه‌ی شازده‌ی ئۆكتۆبه‌رێكی دیكه. ئه‌مه خه‌ته‌رێكی زۆر گه‌وره و ئیشێكی زۆر خراپه و نابێت كورد له به‌غدا به‌م شێوه‌یه ئیش بكات.
له باره‌ی دانیشتنی تایبه‌ت به بودجه، كه بڕیاره سبه‌ی ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، مه‌سعود حه‌یده‌ر گوتی: ئه‌گه‌ر به‌یانی براده‌رانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ كورد نه‌بن، واته دژایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. چونكه ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له نێوان هه‌رێم و به‌غدا كراوه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی هه‌رێمه. جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له زۆر شوێن دووپاتیكردووه‌ته‌وه، هه‌رێم پابه‌ند ده‌بێت پێیه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه شتێكی دیكه بێت پێوه‌ی پابه‌ند نابێت.
له باره‌ی هه‌ڵوێستی چه‌ند ئه‌ندامێكی یه‌كێتییه‌وه، مه‌سعود حه‌یده‌ر ئاشكرای كرد،نوێنه‌ری یه‌كێتی، ئه‌ڵماس فازڵ، خه‌ڵكی كه‌ركووكه له ناو لیژنه‌ی یاسایی، دژی ئه‌مه بووه. وه‌ستاوه‌ته‌وه. چووه له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كێتی كردوویه‌تی به شه‌ڕ و وتویه‌تی: ئه‌وه‌ی كه ماوه له كوردستاندا ده‌تانه‌وێت ئه‌وه‌ش بفرۆشن و ئه‌مه خیانه‌ته له كورد و ناچمه ژێر باری ئه‌وه‌ش.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، مه‌سعود حه‌یده‌ر، له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی كوردستان24، گوتی: نهێنییه‌ك هه‌یه ناچارم ئاشكرای بكه‌م، به راشكاوی سه‌ركرده‌كانی شیعه دوێنێ و پێرێ شه‌و پێیان وتم، براده‌رانی یه‌كێتی فه‌رزیان كردووه له‌سه‌ر شیعه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لانه‌به‌ن ئێمه له‌گه‌ڵتان نابین. ئامانجه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه، كه پارتی ئه‌ندامی نه‌بێت له دادگای ئیتیحادی و ئه‌وان له‌گه‌ڵ دادگای ئیتیحادی رێكبكه‌ون و دوو دادوه‌ر دابنێن و رێكیشكه‌وتوون، ئه‌گه‌ر یاساكه تێپه‌ڕێت، شاره‌زای شه‌ریعه‌ت بده‌نه كامه حزب و ئه‌مڕۆش ئه‌و تۆپه‌یان فڕێ دایه گۆڕه‌پانی شیعه و ئه‌مڕۆش شیعه وتیان ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ن، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لاده‌به‌ین، ئه‌وه‌ی كه دانراوه، ئێستا ده‌ڵێت، نوێنه‌ری هه‌رێمی تێدا بێت، خۆ ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری عێراق، داوا له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم بكات و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم دانپێدانراوی ده‌ستوورین و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق ده‌بێت داوا له هه‌رێم بكات بۆ دیاركردنی ئه‌و دوو دادوه‌ره. ئه‌مانه پێشینه‌ی خراپن و ناكرێت به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك بخرێته چوارچێوه‌ی ململانێی ته‌سكی حزبایه‌تی.