توركیا رەخنەكانی دەوڵەتان دژ بە قەدەغەكردنی ھەدەپە رەتدەكاتەوە

توركیا رەخنەكان بە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆیی دادەنێت
توركیا رەخنەكانی دەوڵەتان دژ بە قەدەغەكردنی ھەدەپە رەتدەكاتەوە
توركیا رەخنەكانی دەوڵەتان دژ بە قەدەغەكردنی ھەدەپە رەتدەكاتەوە

K24 – ھەولێر:

دوای ئەوەی واشنتن ھۆشداری دایە ئەنقەرە لە قەدەغەكردنی پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە)، توركیا داوای لە دەوڵەتانی بیانی كرد دەست نەخەنە نێو كاروباری ناوخۆیی وڵاتەكەیان.

چوارشەممە رابردوو، داواكاری گشتی توركیا داواكارییەكی پێشكەش بە دادگای دەستووری كرد و تێیدا داوای ھەڵوەشاندنەوە ھەدەپەی كرد بە تۆمەتی پەیوەندیی بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).

بەپێی داواكارییەكە، ھەدەپە تۆمەتباركراوە بەوەی ھەڕەشە پێكدێنێت لەسەر "یەكێتی خاكی دەوڵەت كە مایەی دابەشبوون نییە" داواشكراوە 600 ئەندامێ ئەو حزبە بۆ ماوەی 5 ساڵ قەدەغە بكرێن لە ئەنجامدانی كاری سیاسی.

گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، نید برایس رایگەیاند، ھەڵوشاندنەوە پارتی گەلانی دیموكراتیك "زیاتر دیموكراتییەت لە توركیا لەبن دەبات".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا وەڵامی ھەڵوێستی ئەمەریكای دایەوە و گوتی: لێدوانەكانی دەوڵەتان (بەبێ ئەوەی ناویان بھێنێت) لەگەڵ پرێنسیپی سەروەری یاسا ناگونجێت".

وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوای لەو دەوڵەتانە كرد "ئەوانەی بوێری دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆییمان ھەیە، رێز لە رێكارە دادگاییەكان بگرن، كە دادگا سەربەخۆیەكان ئەنجامی دەدەن.

ئەم ھەنگاوەی توركیا بۆ قەدەغەكردنی ھەدەپە، نیگەرانی و رەخنەگرتنی ژمارەیەك لە دەوڵەتانی رۆژئاوایی لێكەوتەوە.

دوێنێ  پێنجشەممە، ئەڵمانیا، سەركۆنەی ھەڵمەتی ئەمنیی ئەنقەرەی كرد دژ بە پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) لە توركیا و ھۆشداریدا لەوەی ئەو ھەنگاوە گومان دەخاتە سەر سەروەری یاسا لەو وڵاتەدا.

 گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "لە ھەر دیموكراتییەتێكدا، قەدەغەكردنی پارتێك، دەبێت دوا پەنابردن بێت. پرسی پارتی گەلانی دیموكراتیك گومانێكی زۆر دەخاتەوە لەبارەی گونجانی" كاردانەوەی دەسەڵاتدارانی توركیا لەبەرامبەر ئەو ھەڕەشەی ھەیە، دوای ئەوەی داواكارێكی گشتی توركیا داواكارییەكی پێشكەش بەدادگای دەستووری كرد بۆ قەدەغەكردنی ئەو پارتەیە.