تەقینەوەیەکی دیکە بەغدای کردە ئامانج

ئەمڕۆ سێ تەقینەوە سێ ناوچەی جیاجیایان لە بەغدا کردە ئامانج و دەیان کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە

K24-هەولێر

تەقینەوەیەکی دیکە ئەمڕۆ سێشەممە ناوچەی سەدری لە رۆژهەڵاتی پایتەختی عێراقی کردە ئامانج، ئەمەش دوابەدوای هێرشێکی خۆکوژیی لە ناوچەی شەعب و و تەقینەوەیەک لە ناوچەی رەشیدی بەغدا روویدا، کە بوونە هۆی کوژرانی 44 کەس و برینداربوونی 90ی دیکە.

ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی پۆلیسی عێراقی گواستەوە: ئەمڕۆ تەقینەوەیەک بازاڕی فرۆشتنی میوە و سەوزەی جەمیلەی لە ناوچەی سەدر لە بەغدا کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 5 کەس و برینداربوونی 14ی دیکە.

بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیسی عێراق ئەمڕۆ دوو تەقینەوە کە بە رێگەی بۆمبی چێندراو و ئافرەتێکی خۆکوژ کە پشتێنەیەکی بۆمبرێژکراوی پێبوو ئەنجامدران بازاڕێکی ناوچەی شەعبیان لە باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا کردە ئامانج و بوونە هۆی کوژرانی 38 کەس و برینداربوونی 70ی دیکە.

بەپێی سەرچاوەکانی پۆلیس: هەر ئەمڕۆ تەقینەوەیەک کە بە رێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو ئەنجامدرا بازاڕی فرۆشتنی میوە و سەوزەی ناوچەی رەشیدی بەغدای کردە ئامانج و بووە هۆی کوژرانی 6 و برینداربوونی 21ی کەس.

ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام هێرشی خۆکوژی و تەقینەوە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا دەکەنە ئامانج، بەتایبەت لە دوو هەفتەی رابردوو ئەو رووداوانە چڕ بوونەتەوە، رێکخراوی داعشیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی بەشێکی ئەو تەقینەوە و هێرشانە راگەیاندووە.

ئا: ئا ، ف