كوده‌تایه‌كی نوێ
له‌كاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق و له لێكتێگه‌یشتنی سیاسی پێكهاته‌كانی عێراق، بڕیار وابوو به‌بێ هیچ پێكهاته‌یه‌ك، بڕیاری چاره‌نووسساز نه‌درێت، چونكه كه‌ی بڕیار وابوو عێراق به‌بێ (ته‌وازن و ته‌وافوق و شه‌راكه‌ت)به‌رێوه‌بچێت؟ به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ی له‌م وڵاته ده‌گوزه‌رێت، رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده عێراقییه‌كان به‌ڵێنی عێراقی نوێیان به‌یه‌كتری دا، گرووپێكی باڵاده‌ست له عێراق به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستوور خه‌ریكی كوده‌تای سپین به‌سه‌ر وڵات‌دا، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت له‌په‌رله‌مان به‌زۆرینه تێیده‌په‌ڕێنن، له یاسای قه‌رزی بودجه و به‌قانوونیكردنی حه‌شد و هه‌مواری یاسایی دادگای فیدرالی و ده‌ركردنی هێزی بیانی له عێراق، باشترین نموونه‌ی حساب نه‌كردنن بۆ پێكهاته‌ی كورد و په‌راوێزخستنی سووننه.
مێژووی عێراق بخوێنیته‌وه بۆت ده‌رده‌كه‌وێت به‌ڕێوه‌چوونی ئیداره‌ی وڵات به عه‌قڵیه‌تی زۆرینه و كه‌مینه چاره‌نووسی باش نابێت، ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ ئه‌و ده‌نگه ناڕازیانه‌ی عێراق بكه‌ین كه له‌ساڵی رابردووه‌وه ئه‌نجام ده‌درێن، باش ئه‌و راستییه ده‌رده‌كه‌وێت كه عێراق به‌م ئیداره‌دانه‌وه ناتوانێت سه‌ركه‌وتووبێت، ده‌ستێكی پۆڵایین هه‌یه بۆ په‌كخستنی دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی عێراق و شه‌رعیه‌تدان به گرووپه توندره‌وه‌كان، باشترین نموونه ئه‌وه‌ی كه له ئاستی هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌ولێر رێككه‌وتن له‌سه‌ر (گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه بۆ كه‌ركووك و رێككه‌وتنی شه‌نگال و بودجه‌ی كوردستان) كراوه، كه‌چی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه‌ی كه ئێستا ته‌حه‌كوم به عێراقه‌وه ده‌كه‌ن، رێگریان له رێككه‌وتنه‌كان كردووه، به ئاشكراش له خۆپیشاندانی حه‌شد له كه‌ركووك بینیمان كه چۆن له‌دژی رێككه‌وتنه‌كه خۆپیشاندانیان كرد، له شه‌نگالیش به‌هه‌مان شێوه.
هه‌موو ئاراسته‌كان به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چن كه سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كه‌له‌پچه بكه‌ن و رێگری بكه‌ن له‌وه‌ی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران موماره‌سه‌ی كاری خۆی بكات، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، باشترین نموونه‌ی بۆ هێناینه‌وه كه جارێكی دیكه سه‌رۆك وه‌زیرانێك كه كوتله‌یه‌كی به‌هێزی په‌رله‌مانی نه‌بێت ناتوانێت ئیداره‌ی وڵات بكات، لێره‌شدا هه‌ر غه‌در له كورد و سووننه كرا، هه‌ردووكیان بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانی سیاسی و پێكنه‌هێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ده‌نگیان به‌سه‌رۆك وه‌زیران دا، تا عێراق له‌م قه‌یرانه رزگار بكات، به‌ڵام هه‌ر دوای هه‌ڵبژاردن نییه‌تی خۆیان بۆ كورد ده‌رخست و له‌جیاتی پێكه‌وه‌كاركردن سوورتربوون له‌سه‌ر بڕینی بودجه‌ی كوردستان و ئابڵۆقه‌دانی كوردستان له‌رێگای دیپلۆماسییه‌وه، هه‌موو ئه‌م كرده‌وانه ده‌مان گه‌یه‌نێته ئامانجێك كه ئه‌م وڵاته به‌ره‌و هه‌ڵدێر ده‌برێت، ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه‌یه ده‌مانگه‌یه‌نێته بیردۆزێك كه ئه‌مرۆش نه‌بێت سبه‌ی ته‌واوی وڵات ده‌كه‌وێته ده‌ست گرووپێكه‌وه كه ئاكامه‌كه‌ی له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر باشتر نابێت.
به‌شێك له‌و ململانێیه‌ی له‌نێوان لایه‌نه عێراقییه‌كان هه‌یه، دواجار عێراقییه‌كان زه‌ره‌ری لێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام زۆرجاریش بۆ خۆده‌ربازكردنیان كوردستان ده‌كه‌نه پاساو، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له پرۆژه بودجه‌ی 2021 بینیمان ده‌یانه‌ویست بڵێن ئه‌وه كورده رێگره له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕاندنی بودجه، كه‌چی ده‌ركه‌وت شیعه‌كان خۆیان رێگرن له‌وه‌ی ئه‌م بودجه‌یه قه‌باره‌ی گه‌وره‌یه، ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕێنرێت، مسته‌فا كازمی، ده‌توانێت ده‌ستكراوه‌بێت، به‌كاری بهێنێت، بۆ پڕۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن، ده‌رئه‌نجام ئه‌وه‌ی بینیمان. له‌هه‌مان كاتدا دۆخی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانی له‌شاره‌كانی دیكه عێراق ته‌واو وێرانه، كه‌چی وایان له‌خۆپیشانده‌ران گه‌یاندبوو ئه‌وه پاره‌ی عێراقه ده‌بردرێت و كوردستانی پێ ئاوه‌دان ده‌كرێته‌وه، ناخۆشترن شت ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته ئیداره‌بكه‌یت، بۆیه كوردستان له‌به‌رده‌م دوورێگادایه، هه‌ڵبه‌ته خۆی ئه‌و دوورێگایه‌ی هه‌ڵنه‌بژاردووه، به‌ڵكو ناچاریان كردووه.
رێگای یه‌كه‌م یان ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵیان بچێته یه‌ك به‌ره و واز له خواستی خۆی بهێنێ بۆ ئه‌وان، یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت به‌ره‌نگاریان بێته‌وه، ئه‌و هه‌ڵوه‌سته‌كردنه له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی هه‌مواری یاسایی دادگای فیدرالی كه رێگای نه‌درا 4 ئه‌ندامی (فقیهی ئیسلامی – شیعه) بكرێنه ئه‌ندامی دادگای فیدرالی كه هه‌وڵێك بوو بۆ (به مه‌زهه‌بگه‌راییكردنی عێراق) یه‌كه‌م به‌ره‌نگاری بوو كه ویستی عێراق به‌ره‌و تونێلی تاریكی ببات، شه‌قامی كوردستان و عێراقیش تێكڕا پشتیوانی ئه‌وه‌بوون كه رێگا له‌و جۆره عه‌قڵیه‌ته بگیرێت، هه‌ربۆیه ده‌بێت ئاراسته‌ی سیاسی دروست و ویستی ده‌نگی شه‌قامی ناڕازی عێراق یه‌ك بگرنه‌وه، تا به‌ر به‌و تاكڕه‌ویه بگیرێت كه ده‌یه‌وێت عێراق به‌ره‌وهه‌ڵدێر ببات، به‌شێكی دیكه‌ی بیركردنه‌وه‌یان ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مای دروست بنیات بنرێت، هێشتا به‌و دۆخه‌ی عێراقه‌وه كه شه‌قامی عێراق پڕبووبوون له خۆپیشاندان، كوردستان هیچ كاتێك ئه‌مه‌ی هه‌ڵنه‌قۆستوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كارتی فشار له‌دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌كاری بهێنێت، به‌ڵام بۆ جارێكیش له‌به‌غداوه ئه‌ركی سه‌رشانیان جێبه‌جێ نه‌كرد، كاتێك له كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی مووچه‌وه خه‌ڵك رژانه سه‌رشه‌قامه‌كان پێیان خۆش بوو، بگره هه‌ندێك جار وه‌ك تۆڵه‌ی سیاسی زیاتر فشاره‌كانیان ده‌خسته سه‌ر كوردستان.
لێره‌و له‌وێ باس له‌وه ده‌كرێت جیلێكی سیاسی نوێ له عێراق دروست بووه، جیاوازن له سه‌ركرده‌كانی پێشووی عێراق، گوایه جاران سه‌ركرده‌كان ده‌یانتوانی گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌س ئێستا ئه‌م جیله توندن و سوورن له‌سه‌ر بۆچوونی خۆیان، ئاخر گرفته‌كه‌ی كوردستان هه‌رلێره‌دایه ئه‌گه‌ر عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاسایی خۆی بڕوات، دامه‌زراوه‌كان سه‌روه‌ربن، چ پێویست به‌وه ده‌كات سه‌ركرده‌كان له‌جیاتی ده‌ستوور و حكومه‌ت و په‌رله‌مان بڕیاربده‌ن؟ ئه‌گه‌ر كار گه‌یشتبێته ئه‌وه‌ی كه له‌جیاتی ده‌ستوور و قانوون له‌گه‌ڵ گرووپه‌كان مامه‌ڵه بكه‌ین، كه‌وایه هه‌رزوو ده‌بێت فاتیحه له‌سه‌ر چاره‌نووسی ئه‌م وڵاته بخوێنرێت، ناكرێت به ویست و بیركرنه‌وه‌ی تاقمێك یان گرووپێك وڵات بنیات بنرێت ئه‌مه‌ش ئه‌سڵی گرفته‌كه‌یه.
له‌رووی ئه‌منییه‌وه هیچ كاتێك عێراق ئاماده‌نییه به‌بێ ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان ئیداره‌ی خۆی بكات، ره‌نگبێت روانگه‌ی كوردستان له‌م باره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپه‌ی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن جیاوازبێت، لایه‌نه عێراقییه‌كان به‌بێ ویستی كورد و سووننه ده‌نگیان دا له‌سه‌ر ده‌ركردنی هێزه بیانییه‌كان له وڵات و ئه‌مه به‌بێ ره‌چاوكردنی ته‌وافوق تێپه‌ڕێنرا، كه‌چی نه‌یانتوانیوه گه‌ره‌نتی ئه‌وه بده‌نه كوردستان ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانان نه‌بن سنووری كوردستان هێڵی ته‌ماسی پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ حه‌شد پارێزراو ده‌بێت؟ گه‌ره‌نتی هه‌یه هێزه‌ی ئه‌مه‌ریكا نه‌مێنێت له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كان گرفت دروست نه‌بێت؟ بێگومان نه‌خێر، هێشتا لایه‌نه عێراقییه‌كان نه‌یانتوانیوه گه‌ره‌نتی پاراستنی ته‌واوی عێراق به كوردستانیشه‌وه زامن بكه‌ن، ئیتر چۆن ده‌توانن وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه كه ئێمه پێمانوایه هێشتا گومان له ئیداره‌دانی عێراق ده‌كرێت.
كۆی ئه‌م پرسانه پێمان ده‌ڵێت ویستێك هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی عێراقییه‌كان ده‌یه‌وێت له‌رێگای ده‌رچوواندنی یاسا و قانوونه‌وه، كوده‌تای سپی، به‌سه‌ر وڵات‌دا بكات، ببێته كۆت و به‌ند له‌به‌رده‌م دامه‌زراوه شه‌رعی و ده‌ستووریه‌كانی عێراق، ئه‌مه‌ش تادێت مه‌ترسی زیاتر دروست ده‌كات، دڵنیاشین له‌وه‌ی كه به‌هۆی به‌هێزبوونی گرووپی حه‌شد و میلیشیاكانه‌وه ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی عێراق به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات.