ئه‌مساڵ به‌مشێوه‌یه‌ ئاگری نه‌ورۆز له‌ هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌

دووپات له‌ په‌یڕه‌وكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا ده‌كرێته‌وه‌
نه‌ورۆزی هه‌ولێر
نه‌ورۆزی هه‌ولێر

K24 - هه‌ولێر:

به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا و زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووانی په‌تاكه‌، هه‌ڵكردنی ئاگری نه‌ورۆز له‌ شاری هه‌ولێر جیاواز ده‌بێت، كه‌ ساڵانه‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌كرێته‌وه‌.

نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی هه‌ولێر به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، ئاگری نه‌ورۆز وه‌ك دیاریكراوه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌كرێتەوە، ژماره‌ی ئاماده‌بووانیش زۆر دیاریكراو ده‌بێت و ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیش ئاماده‌ی ده‌بن ئه‌ویش به‌ په‌یڕه‌وكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا.

قایمقامی هه‌ولێر راشیگه‌یاند، به‌هۆی كۆرۆنا دووه‌م نه‌ورۆزه‌ نه‌توانراوه‌ فێستیڤاڵی ساڵانه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجام بدرێت، كه‌ له‌ 11ی ئادار ده‌ستیپێده‌كرد و 2ی نیسان كۆتایی ده‌هات.

داوای له‌ هاووڵاتیانیش كرد، خۆیان بپارێزن و به‌ دووربن له‌ كۆبوونه‌وه‌ و گردبوونه‌وه‌ی زۆر، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان سه‌لامه‌ت بن و دوور له‌ كۆرۆنا نه‌ورۆز بكه‌ن.

هاوكات دووپاتی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ حه‌وت خاڵییه‌كه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، رێكاره‌كان به‌ توندی ده‌گیرێنه‌به‌ر.