ئەردۆغان سەرۆکی بانکی ناوەندی توركیای لەكار دوورخستەوە

ماوەی پێنج مانگ بوو ئەو پۆستەی وەرگرتبوو
ناجی ئیقبال
ناجی ئیقبال

K24 - ھەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ناجی ئیقبال سەرۆکی بانکی ناوەندی وڵاتەکەی لە کار دوورخستەوە، لە کاتێکدا تەنیا ماوەی پێنج مانگ بوو پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیای وەرگرتبوو.

ئەو هەنگاوە دوای ئەوە دێت، بانکی ناوەندی تورکیا بە بڕی 200 خاڵ رێژەی سوودی بۆ 19% بەرزکردەوە، کە زۆر زیاتر بوو لە پێشبینییەکان.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، رەجەب تەیب ئەردۆغان، شهاب کاڤجی ئۆغڵوی بۆ پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی دیاریکردووە، کە لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدان ئەندامی پێشووی پەرلەمان وڵاتەکە بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئیقبال لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سوودی بانکی بە بڕی 875 خاڵی سەرەکی بەرزکردەوە. ئەو بەرزکردنەوە بەرچاوەش، داڕمانی بەرچاوی بەهای لیرەی سنووردارکرد و مەترسی ئابووریناسانی لەبارەی سەربەخۆیی کاروباری بانکی ناوەندی رەواندەوە.