په‌سه‌ندكردنی بودجه "كۆسپێكی" دیكه‌ی دێته پێش
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری عێراقی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ بودجه‌ی گشتی فیدراڵی 2021ی عێراق په‌سه‌ند ده‌كرێت، به‌ڵام ھێشتا "كۆسپی گه‌وره‌ی" له‌به‌رده‌مه.
به گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا و نزیكه‌ی 100 په‌رله‌مانتاری دیكه، داوای دابه‌زاندنی به‌های دۆلار ده‌كه‌ن و واژۆیان له‌سه‌ر یاداشتێك كردووه.
هاوكات په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ناوی "گاتع روكابی" جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، دابه‌زاندنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر به دۆلاری ئه‌مه‌ریكی، گرفتی گه‌وره‌ی بۆ توێژه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی دروستكردووه، بۆیه پێداگری له‌سه‌ر دابه‌زاندنی به‌های دۆلار ده‌كه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له ناو په‌رله‌مانی به‌غدا، تا ئێستا به فه‌رمی هیچ كوتله و فراكسیۆنێك دژی ئه‌و ده‌قه یاساییه نین كه شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری رێككه‌وتووه و ده‌قه‌كه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایی په‌سه‌ند كراوه، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار دابه‌زاندنی به‌های دۆلاریان كردووه‌ته مه‌رج بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به پرۆژه یاسای بودجه بده‌ن.
پێشتر نه‌هرۆ راوندزی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بە كوردستان24ی گوتبوو: "جێگریكردنی به‌های دینار به‌رامبه‌ر دۆلار، كاری حكومه‌تی فیدراڵ و بانكی ناوه‌ندییه، له ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان نییه ده‌ستكاری به‌های دینار بكات، به‌ڵام له مادده‌یه‌كی بودجه‌دا ده‌توانین داوا له حكومه‌تی فیدراڵی بكه‌ین، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكات".
بڕیاربوو شه‌وی رابردوو، پرۆژه یاسای بودجه‌ی گشتی فیدرالی 2021ی عێراق بخرێته ده‌نگدان و له په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند بكرێت، به‌ڵام دواتر بۆ كاتژمێر 10:00ی به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه دواخرا، ئه‌مڕۆش به‌یانی بۆ جاری دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دواخرا.