سه‌رۆك بارزانی: بەكارهێنانی زمانی زۆرینە و كەمینە و كولتووری خۆسەپاندن گرفتەكان چارەسەر ناكات

سه‌رۆك بارزانی: گه‌لی كورد ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی
سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی

K24- هه‌ولێر:

به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژی نه‌ورۆز، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م گه‌لی كورد له‌ هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان و سه‌رانسه‌ری جیهان كرد، له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌كان و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئێمە هەردەم پێمانخۆشە و دەمانەوێ گرفتەكانمان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی شەراكەت چارەسەر بكرێن و دووپاتیشیكرده‌وه‌، گه‌لی كورد ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و، كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆز:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو رۆڵەكانی گەلی كورد لە پارچەكانی تری كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەكەم كە نەورۆز بەشێكە لە كولتوور و دابونەریتیان.

بۆ گەلی كوردستان نەورۆز جگە لە هاتنی بەهار و نوێبوونەوەی سروشت، مانای ئازادیخوازی و راپەڕین لەدژی ستەمكاریش دەدات. كورد لە نەورۆزدا راپەڕینی كردووە، بۆ ئەوەی لە بندەستی رزگاری بێت و ئازادی بە دەست بهێنێت. رۆحی راپەڕین و ئازادیخوازیی كورد لە دێرزەمانەوە هەبووە و ئێستاش هەر هەیە و هەتا بندەستی و ستەمكاری هەبێت هەر درێژەی دەبێت.

گەلی كوردستان بڕوای بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و بیروڕا جیاوازەكان هەیە و لەمبارەیەوە خاوەنی فەرهەنگێكی مێژوویی و قووڵە و، بە كردەوە بنەماكانی پێكەوەژیانی پیادە كردووە و كاری پێ كردووە. لە هەمانكاتیشدا گیانی ئازادیخوازی و پێكەوەژیانی كورد، هەردەم لەگەڵ ئاشتیخوازیشدا ئاوێتە بووە. گەلی كوردستان دەیەوێت بە شێوازی ئاشتییانە چارەنووسی خۆی دیاری بكات و كێشەكان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر ببن و بڕوای بە شەڕ و توندوتیژی نییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ستەم و زۆرداری لە هیچ لایەك قبووڵ ناكات و، كە كار گەییشتە ئەوەی زوڵم و تەعدای لێ بكرێت بەرگری لە مافەكانی دەكات.

ئێمە هەردەم پێمانخۆشە و دەمانەوێ گرفتەكانمان لە عێراقدا لەسەر بنچینەی شەراكەت چارەسەر بكرێن. گەلی كوردستان لەسەر بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە لە عێراقدا شەریكە. لادان لە بنەمای یەكێتیی ئارزوومەندانە و بەكارهێنانی زمانی زۆرینە و كەمینە و كولتووری خۆسەپاندن و نكۆڵیكردن، بە دڵنیاییەوە گرفتەكان چارەسەر ناكات.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و بمێنن بە خێر و خۆشی.

مەسعود بارزانی

29ـی رەشەمەی 2720 كوردی

20ـی ئاداری 2021 زایینی

H.B