د. به‌شیر حه‌داد: رێككه‌وتن هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه
K24 - به‌غدا:
د. به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، رێككه‌وتنی نێوان لایه‌نه شیعییه‌كان و شاندی هه‌رێم هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه، ته‌نیا پێشنیازێك بۆ مادده‌ی 11 زیاد كراوه، ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و بڕگه زیادكراوه‌كه ره‌تده‌كرێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: ده‌توانین بڵێین، كورد هیچ كێشه‌یه‌كی له‌و بابه‌ته‌دا نییه و كار به‌و رێككه‌وتنه ده‌كرێت كه له نێوان شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عێراقی كراوه.
سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی دواخستنی دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراقیش گوتی: هه‌ندێك لایه‌ن پێیان باش بوو ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌نجام نه‌درێت و بۆ چه‌ند رۆژێكی دیكه دوابخرێت، له كاتێكی نزیكدا لایه‌نه‌كان بڕیار ده‌ده‌ن، ئاخۆ له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار ده‌بن یان نا، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان ئاماده نه‌بوون له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بن، بۆ چه‌ند رۆژێكی دیكه دواده‌خرێت.
سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ش كه باس له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نێوان شاندی هه‌رێم و لایه‌نه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌شیر حه‌داد گوتی: رێككه‌وتنه‌كه هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه و به‌گوێره‌ی یاسا واژوو كراوه و مۆری لیژنه‌ی دارایی لێدراوه.
دووپاتیشیكرده‌وه، ئێمه وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ئه‌و گۆڕانكاریه قبووڵ ناكه‌ین، كه ده‌یانه‌وێت دوای واژووكردن و چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ره‌شنووسه‌كه له رێككه‌وتنه‌كه‌دا بكرێت و كار به‌وه ده‌كرێت كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، نه‌ك دوای رێككه‌وتن و ده‌بێت ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش چاك بكرێته‌وه كه تێیدا كراوه.