پۆرتاڵێك بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان دەکرێتەوە

پڕۆژە تازە و کۆنەکانی وەبەرهێنان کۆدەکاتەوە
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رۆتین كه‌مده‌كاته‌وه‌
ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان رۆتین كه‌مده‌كاته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرھێنانی راسپاردووە بە زووترین کات، پۆرتاڵێك بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ئامادە بکرێت و ھەموو پڕۆژە تازە و کۆنەکانی تێدا کۆبکرێتەوە، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە مۆڵەتدان بە پڕۆژەکان لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێت.

د. محه‌مه‌د شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان رایگه‌یاند، بیرۆکەی پڕۆژەکە ھی سەرۆکی حکومەت بووە و ھەر خۆشی چاودێری چۆنێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ خزمەتكردنى زياترى وەبەرھێنەران و ڕايیكردنى خێراترى مامەڵەکانیان بڕیارێکی گرنگی داوە، كه بە زووترین کات پۆرتاڵێکی تایبەت بۆ کار و پڕۆژەکانیان دروستبکرێت و لەو رێگەیەوە پڕۆژەکانیان پێشکەش دەکەن و بە زووترین کات مۆڵەتی پڕۆژەکانیان پێدەدرێتەوە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەمە پێشنیازی سەرۆکی حکومەت بووە بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە ئاگاداری وردەکاری پڕۆژەکان بێت.

ئەم پۆرتاڵە کە ئێستا دەست بە دروستکردنی کراوە، لە نزیکترین کاتدا تەواو دەبێت و ھەموو وەزارەت و پارێزگاکان تێیدا بەشدارن، ئەمە جگە لەوەی رۆتینی وەرگرتی مۆڵەت و قەرەباڵغیش لە دامەزراوەکان کەمدەکانەوە، سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی وەبەرھێنان لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە ئەمە قۆناغێکی گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پڕۆژانەی ساڵانێکە وەستاون.

پۆرتاڵی پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرھێنان ھەموو پڕۆژە کۆن و نوێکانی دەستەکەی تێدا کۆدەکرێتەوە، چۆنێتی میکانیزمی جێبەجێکردنیشیان بەشێک دەبێت لە پۆرتاڵەکە، لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە ھەموو دامەزراوەکانی پەيوەندیدار دەتوانن چاودێری پڕۆژەکە بکەن و چۆنێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانيش ببینن، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێناندا سەرۆکی حکومەت دەستەی وەبەرھێنانی راسپاردووە بە زووترین کات ئەم پۆرتاڵە ئامادە بکرێت.

د.ی