حەمە رەئوف كەركووكی ڤیدیۆ كلیپی "مەیلی عیشق" بڵاودەكاتەوە

K24 – ھەولێر

ھونەرمەند حەمە رەئوف كەركووكی، لەگەڵ ھاتنی جەژنی نەورۆز ڤیدیۆ كلیپی گۆرانی "مەیلی عیشق"ی بڵاوكردەوە.

حەمە رەئوف كەركووكی، بە كوردستان24ی راگەیاند: "گۆرانی "مەیلی عیشق" چەند ساڵێكە تۆمارم كردووە، بەڵام بیرم لەوەكردەوە ڤیدیۆ كلیپی بۆ بكەم".

گوتیشی: "گۆرانی مەیلی عیشق شیعری شاعیری گەورەی كورد سافی ھیرانییە و خۆم ئاوازم بۆی داناوە، موزیك لەلایەن خەلیل عەبدوڵڵا ئامادەكراوە، ھەروەھا عەبدولعزیز مەجید و گوڵێ حەسەن لە ڤیدیۆ كلیپەكە نواندن دەكەن، تۆماركردن و ماسترینگ لەلایەن کاوان مەحموود كراوە و دیار مەهدی وێنەگرتن و دەرھێانی بۆ كردووە.

ھونەرمەند حەمە رەئوف كەركووكی، لە دایكبووی ساڵی 1956 شاری كەركووكە، لە ھەشتاكانی سەدەی رابردوو دەستی بە گۆرانی گوتن كردووە و ساڵی 1986 یەكەم گۆرانی بەناوی (شەوانە) لە تەلەڤزیۆنی كەركووك تۆمار كردووە و تائێستا خاوەنی چەندین بەرھەمە و بە یەكێك لە دەنگە رەسەنەكانی كورد ھەژمار دەكرێت.