ئەمەل جەلال: ناكرێ لە رێستورانت و ھۆتێلەكانی كوردستان دەستی كاری بیانی زیاتر بێت

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار: کار بۆ رەخساندنی هەلی کار دەکەین

K24 - ھەولێر

سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان راگەیاند، ماستەرپلانی گەشتیاری لە قۆناغی جێبەجێكردنیدایە و چەندین ھەنگاویشیان ناوە بۆ رەخساندنی ھەلی كار و وەبەرھێنان بۆ پڕۆژەكان.

 ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ وەزارە پەیوەندیدارەكان لە ھەماھەنگیدان بۆ ئەوەی زەوی بۆ پرۆژە گەشتیارییەكان دابین بكەن.

ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەستەی گەشتوگوزار ستراتیژێكی داڕشتووە پەیوەستە بە پەرەپێدانی گەشتیاری لە ھەرێمی كوردستان، كە بەشێكی ستراتیژەكە پەیوەندی بە وەزارەتەكانە ھەیە".

ئەوەشی خستەڕوو، پلانیان ھەیە دەرچوووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لە بەشی گەشتوگوزار لە شوێنە گەشتیارییەكان دابمەزرێنن و مەرجیش لەسەر شوێنەكان دادەنێن بۆ كە پێویستە ھەلی كار بۆ دەستی ناوخۆ برەخسێنن.

لەو بارەوە ئەمەل جەلال گوتی: "ناكرێ دەستی كاری بیانی لە ریسۆرانت و ھۆتێلەكان لەسەرووی 80% بێت، واتا دەستی كاری بیانی زۆر زیاتر بێت و كوڕان و كچانی ئێمەش بێ ئیش بن، دەتوانین وەك دەستەی گەشتوگوزار لە رووی توانا مرۆییەكانەوە ھاوكاربین بۆ بەھێزكردنی توانای گەنجەكانمان".

گوتیشی: "دەبێ پێداچوونەوە بكرێت، كە چەند كوڕ و كچی كوردستان دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا و ھەڵگری بڕوانامەی بەرز و لێھاتوون لە بواری گەشتوگوزار دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێنین".