دۆڵی خه‌له‌کان، دۆڵی تاوانی نه‌ورۆز
له یه‌که‌میین رۆژی ساڵدا، له 21.03.2021دا، له رۆژێکدا، که ژیان مژده‌ی ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌کی نوێمان پێده‌دات، له دۆڵی خه‌له‌کان به‌رازێك ده‌درێته به‌ر رێژنه‌ی گوللـه. به‌رازێك، که زیانی بۆ هیچ کام له‌و گه‌شتیارانه‌ی دۆڵی خه‌له‌کان نه‌بوو، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و به‌شێك بوو له‌و سروشته جوانه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، به‌ڵام ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی به گه‌له‌کۆمه‌کێیه‌ك هێرشیانکرده سه‌ری، نه‌ك جوانیی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یان شێواند، به‌ڵکوو رووی راسته‌قینه‌ی خۆشیان پیشانی ئێمه‌دا.
سه‌یرانکه‌ران بۆچیی کڵاشینکۆفیان پێیه؟ به چ ماف و یاسایه‌ك به ویستی خۆیان ته‌قه ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر بێت‌و یاسا له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سه‌روه‌ر بێت؟ ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که ئه‌و چه‌کداره چه‌نده‌ها فیشه‌کی ته‌قاند و هیچیان به‌ر به‌رازه‌که نه‌که‌وتن. به‌بێئه‌وه‌ی بیر له‌وه بکاته‌وه، که فیشه‌که‌کانی ده‌یتوانی منداڵانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره بپێکێت، یاخود دایکێك یان باوکێك ...هتد. چه‌کدارێك ئه‌گه‌ر هه‌رچ کاره بێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و له چه‌ند مه‌ترێکدا له به‌رازێك نه‌دات، ئاخۆ چۆن ده‌توانێت له کاتی پێویست و خۆیدا بتوانێت له چه‌ند بستێکدا دو‌ژمنێك بپێکێت؟
له ئه‌وروپا خوێندکارانی پۆلیس، مه‌شقێکی چڕی چه‌کیان پێده‌کرێت وه‌ك وانه‌یه‌ك له خوێندنه‌که‌یان. ئه‌و خوێندکاره‌ی له‌م وانه‌یه‌دا ده‌رنه‌چێت ناکرێته پۆلیس. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی چه‌ك هه‌ڵده‌گرێت ده‌بێت بزانێت چۆن به‌کاری ده‌هێنێت، کاتێکیش ته‌قه ده‌کات، ده‌بێت ئامانج بپێکێت. به‌ڵام ئه‌و ته‌قه‌که‌ره‌ی دۆڵی خه‌له‌کان، بێجگه له ئاماتۆرێك هیچی تر نییه.
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له دۆڵی خه‌له‌کان روویدا، رووداوێکی تووندوتیژ و خه‌مبار و غه‌درێکی گه‌وره بوو، که له ئاژه‌ڵێکی بیتاوان کرا. سزادانی ماددی هیچ شتێك له کاره‌ساته‌که ناگۆڕێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجیشه هیچ سه‌یرانکه‌رێکی تر هه‌وڵی نه‌دا، که رێگریی له‌و چه‌کداره بکات و نه‌هێڵێت ئه‌و ئاژه‌ڵه بکوژێت. ئه‌وه‌ی جێگای تێنه‌گه‌یشتنه ترس و قاوقریشکی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی شێرێك هاتبێت بۆیان و په‌لاماریان بدات به ویستی کوشتن. ئه‌وه‌ی به‌رازه‌که ده‌یویست ده‌ربازبوونی بوو له‌و هه‌موو هه‌راوهوریای خه‌ڵکه و هیچی تر.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، بۆچی ده‌بێت هه‌تا بێت به رووداوێکی ناسڤیللانه روویه‌کی ناشیرینی کۆمه‌ڵگای کوردیی بکێشین؟ بۆچیی له رووداوه‌کاندا ته‌ماشاکه‌رین، له‌کاتێکدا ده‌توانین چالاکبین و رێگربین له که‌وتنه‌وه‌ی زیان؟
21.03.2021