ئەو منداڵەی لە سنووری رانیە گورگ برینداری كرد گیانی لەدەستدا

گورگ چوار كەسی لە گوندەكەیان بریندار كرد

K24 – رانیە

لە چەند مانگی رابردوودا گورگ پەلاماری دانیشتوانی گوندێكی سنووری قەزای رانیەی دا و چەند كەسێكی برینداركرد، یەكێك لە بریندارەكان منداڵێك بوو، بەھۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

لە 24/10/2020، گورگ پەلاماری دانیشتوانی گوندی خەزێنەی دۆڵەڕەقەی سنووری رانیەی دا، بەوھۆیەوە چوار كەس برینداربوون. ھەڵكەوت رەسوڵ، ئەو منداڵەی لە كاتی پەلاماری گورگ بۆ سەر گوندەكەیان برینداربوو، دوای چەند مانگێك لە وەرگرتنی چارەسەر گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاراس ئەمین پەیامنێری كوردستان24 لە رانیە دوای برینداربوونی ھەڵكەوت بۆ چارەسەر رەوانەی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر كراوە و دەرزی (دژە ھاری) لێدراوە، بەڵام رۆژ دوای رۆژ كاریگەری زیاتر بەسەر جەستەی دەركەوتووە و باری تەندروستی خراپتر بووە، بۆیە لە كۆتایی ھەفتەی رابردوو رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی رانیە كراوەتەوە و دوێنێ 21/3/2021 ھەڵكەوت گیانی لەدەستداوە.

بە گوتەی گوندنشینانی گوندەكە ئەو گورگە ھار بووە و لە رۆژێكدا دووجار پەلاماری داون و چوار كەسی لە دانیشتوانی گوندەكە بریندار كردووە.

لە دوای رووداوەكە پەیامنێری كوردستان24 سەردانی گوندی خەزێنەی كرد، پور خەیاڵ ژنێكی دانیشتوی گوندەكەیە و یەكێك بوو لەوانەی گورگ پەلاماری داوە، ئەو باسی لەوە كرد پێش ئەو گورگ پەلامری دوو كەسی دیكەی گوندەكەی داوە و ئێوارە گەڕاوەتە ناو گوند و ئەو خەریكی لێكردنەوەی ھەناربووە كاتێك گورگ پەلامری داوە و بە ئەستەم توانیویەتی كوڕەزا چوار ساڵییەكەی بپارێزێت.

پورخەیاڵ ئاماژەی بەوەكرد: "گورك زۆر بە تیژی پەلاماری دام و قاچی گرتم".

وەك خەڵكی ئەو گوندە باسی دەكەن پەلاماری ئەوجارەی گورگ جیاواز بووە، بەناو مێگەلی بزن دا رۆیشتووە و پەلاماری شوانی داوە، بۆ جاری دووەمیش چووەتە ناو گوندەكە و پەلاماری گوندنشینانی داوە.