رێژەی قەرزەكانی عێراق بەرزدەبێتەوە

بانکی ناوەندی: لە 2020 کۆرۆنا قەرزی عێراقی 18% بەرزکردووەتەوە
دیناری عێراقی و دۆلار
دیناری عێراقی و دۆلار

K24 - ھەولێر

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020 قەرزی سەر عێراق بە رێژەی 18% بەرزکردووەتەوە، ئەوەش پێویستی بە رێوشوێنی گونجاو هەبووە بۆ ئەوەی رووبەڕووی دۆخەکە ببینەوە.

مستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا راشیگەیاند، بانکی ناوەندی چەندین رێوشوێنی پێویستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکانی پەتای کۆرۆنا لەسەر ئابووری گرتووەتە بەر.

ئاماژە بەوەشدەدات، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 2020 قەرزی کەڵەکە بووی سەر عێراقی بە رێژەی 18% بەرزکردووەتەوە، ئەوەش پێویستی گرتنبەری رێوشوێنی چارەسەری پێویست هەبووە کە لەگەڵ دۆخی راستەقینەی وڵات بگونجێت، بە تایبەتی لە رووی ئاسایش و یاسایی.

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕانکاری لە نرخی ئاڵوگۆڕی دراو پشکی هەبووە لە بەهێزکردنی بوژانەوەی بەردەوامی دارایی و بەرزکردنەوەی قەبارەی یەدەگی دراوی بیانی لە یەدەگی بانک، هەروەها ئەو هەوڵە وایکردووە متمانەی وەبەرهێنەران بەهێزتر بێت و تێچووی بەرهەمهێنانی بەرهەمی ناوخۆ کەمبێتەوە و بتوانێت رکابەری بەرهەمی هاوردە بکات.