ئینفۆگرافیك.. هۆشداری له به‌فیڕۆدانی ئاو له هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت
K24 – هه‌ولێر:
ھەموو ساڵێك وەكو ئەمڕۆ لە 22 ـی ئادار ، رۆژی ئاو لە سەرانسەری جیھان بەسەر دەكرێتەوە ، رۆژی 22 ـی ئادار ی 1992 لەلایەن نەتەوەیەكگرووتەكانەوە لە كۆنگرەی ژینگە و گەشەپێدانەوە دانراوە، ئامانجیش له دیاری كردنی رۆژێك بۆ ئاو ، بۆ راكێشانی سەرنجی تاكەكانە ، بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە ئاو بدەن ، بە تایبەت كە رۆژ دوای رۆژ كێشه‌كانی ئاو له‌سه‌ر ئاستی جیھان زیاد ده‌كات، لە ھەرێمی كوردستانیش سە‌ڕه‌رایی بوونی سامانێكی زۆری ئاوی، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی به‌نداوی پێویست و یاسایه‌كی تایبه‌ت به به‌ڕێوبردنی پاراستنی ئاو، ئه‌و ئاوه‌ی كە به‌كاردیت به ڕێگایه‌كی نادروست به‌كاردێت و ئاویكی زۆر به فیڕۆ ده‌چێت،ئەوەش لە داھاتوودا مەترسییەكانی سەر ئەو كەرتە زیاددەكات.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، رێكخراوی یونسكۆ پێشبینی ده‌كات، جیھان بەرێژەی %40 رووبەڕووی كەمی ئاو ببێتەوە.
رێكخراوی یونسكۆ به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ئاو، راپۆرتی ساڵانەی بڵاوكردووە و رایگه‌یاند، وڵاتان بەپێی پێویست ھەوڵ بۆ پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو نادەن.
لە راپۆرتەكەدا ھاتووە، ئاو بە دەوڵەمەندترین سەرچاوە ھەژماردەكرێت، كە بە زێڕی شین ناودەبردرێت و زیاتر لە دوو ملیار كەس ناتوانن بە شێوەیەكی راستەوخۆ بگەنە سامانی ئاو، ھەر بۆیە بە گرنگی دەزانێت بە شێوەیەكی یەكسان ئاو دابەشبكرێتە سەر تاكەكانی سەرانسەری جیھان.
ھەروەھا گرنگە خزمەتگوزارییەكانی دابینكردنی ئاوی پاك باشتر بكرێت.
هه‌ر له راپۆرته‌كه‌دا، یونسكۆ جەختیكردتەوە ، وڵاتان تا ساڵی 2030 بەرێژەی %40 رووبەڕووی كەمی ئاو ببنەوە، پێشبینیش ده‌كات بەھۆی ئه‌و كێشانه‌ی بەرۆكی جیھانی گرتووته‌وه، كێشە دابینكردنی ئاو قووڵتر بێتەوە، به تایبه‌تیش به‌هۆی به‌ربڵاوی په‌تای كۆرۆناوه.
له هه‌رێمی كوردستان تێچووی هه‌ر رۆژێك بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن 850 ملیۆن دیناره. ته‌نیا له رۆژێكدا 468 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی ژێر زه‌وی له هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌هێنرێت و به‌شێكی به‌رچاوی به‌فیڕۆ ده‌درێت.