ئەمڕۆ چارەنووسی نەتەنیاهو یەکلا دەکرێتەوە

سندوقەکانی دەنگدان لە ئیسرائیل کرانەوە
پۆستەری هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
پۆستەری هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ جاری چوارەم لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.

ئیسرائیلییەکان بڕیار لەسەر چارەنووسی بێنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و پارتەکەی دەدەن. بەگوێرەی دواین راپرسییەکانی ئیسرائیل، ئەگەر هەیە نەتەنیاهو جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

شەش ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەری ئیسرئیلی بۆ هەڵبژاردنی 120 نوێنەر دەچنە سەر سندوقی دەنگدان، بۆ بردنەوەی زۆرینە، هەر پارتێکی سیاسی پێویستی بە 61 کورسییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پارتێکی سیاسی ئەو ژمارە کورسییەی بەدەست نەهێناوە.
هەڵبژاردنی پێشوو، پارتەکەی بێنیامین نەتەنیاهو، لیکود، 29 کورسی بەدەستهێنا، بە دوای ئەودا پارتی ئۆپۆزسیۆنی یەش ئاتید توانی 20 کورسی بەدەست بهێنێت.

ئێستا سندوقەکانی دەنگدان لە ئیسرائیل کراونەتەوە و دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پارتی دڵخوازی خۆیان دەتوانن دەنگ بدەن.