ئاگرین دڵشاد لە بەرھەمێكی نوێدا لەگەڵ سۆفی عومەر دەردەكەوێت

ئاگرین بەرھەمێكی نوێ بڵاودەكاتەوە
سۆفی عومەر و ئاگرین دڵشاد لە كاتی تۆماركردنی ڤیدیۆ كلیپ
سۆفی عومەر و ئاگرین دڵشاد لە كاتی تۆماركردنی ڤیدیۆ كلیپ

K24 – ھەولێر

گۆرانیبێژی لاوی كورد ئاگرین دڵشاد بەرھەمێكی نوێی بڵاوكردەوە كە دوو گۆرانی شاد لە خۆ دەگرێت و ڤیدیۆ كلیپی بەرھەمەكە كردووە و سۆفی عومەر یەكێكە لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی كلیپەكە.

گۆرانیە نوێیەكانی ئاگرین بەناوی (ها زراڤیکێ) و هەی (وەڵاتۆ) كە وەك یەك بەرھەم تۆماركراون، ھۆنراوەی ھەردوو گۆرانیەكە فۆلكلۆرە و بەشێوە زاری كرمانجی سەروو گوتراوە.

سۆفی عومەر، پیاوێكی بە تەمەنی باكووری كوردستانە و بە (پڵنگی شایی) ناسراوە، ڤیدیۆكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بینەری زۆریان ھەیە، سۆفی لە كلیپەكەدا رۆڵی سەرەكی ھەیە.

سۆفی عومەر، خەڵكی ناوچەی شەمزینانی باكووری كوردستانە و لە زۆربەی ئاھەنگە خێزانیی و بۆنەكان بەشدارە و سەرچۆی كێشێكی ناوداری ناوچەكەیە. ھەندێك جاریش بۆ ئاھەنگ و بۆنەكان بانگھێشتی ھەرێمی كوردستان دەكرێت.

ئاگرین دڵشاد، یەكێكە لە گۆرانیبێژە دیارەكانی كوردستان، ساڵی 1995 لە شاری کەرکووک لە دایکبووە، ساڵی 2014 پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە، جگە لە گۆرانی گوتن لە چەند كەناڵێك وەك پێشكەشكاریش كاری كردووە.