پێشبینی راگه‌یاندنی 5 گرێبه‌ستی گه‌وره ده‌كرێت
یانه گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا له ماوه‌ی رابردوو به‌هۆی قه‌یرانی كۆرۆنا و خراپی دۆخی ئابووری نه‌یانتوانی گرێبه‌ستی گرانبه‌ها واژۆ بكه‌ن، به‌ڵام له هاوینی داهاتوو چاوه‌ڕێ ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ستی گرانبه‌ها واژۆ بكرێن، له نێوانیاندا گه‌ڕانه‌وه‌ی كریستیانۆ بۆ ریال مه‌درید و ئه‌گه‌ری رۆیشتنی مێسی له بارسێلۆنا.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ
دوای دۆڕانی له قۆناخی شازده و ماڵئاواییكردنی یوڤێنتۆس له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان بڵاویان كرده‌وه كه كریستیانۆ رۆناڵدۆ نزیكه له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌كه‌ی پێشووی و له هاوینی داهاتوو سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندی به ریال مه‌دریده‌وه ده‌كاته‌وه.
كریستیانۆ گۆڵكاری مێژوویی مێره‌نگی كه له هاوینی 2018 له‌و یانه‌یه جیابووه‌وه و به‌رامبه‌ر 100 ملیۆن یۆرۆ روویكرده ریزه‌كانی یوڤێنتۆس ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌روودا كراوه‌ته‌وه و زیدان پێشوازی له گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌كات و دوور نییه جارێكی دیكه درێسی شایانه‌كان بپۆشێته‌وه.
لیۆنێل مێسی
هه‌ر به‌پێی زۆرێك له سه‌رچاوه‌كان لیۆنێل مێسی له كۆتایی گرێبه‌سته‌كه‌ی له مانگی یۆنیۆی داهاتوو ره‌نگه ریزه‌كانی بارسێلۆنا جێبهێڵێت، گه‌رچی خوان لاپۆرتای سه‌رۆكی نوێی بارسا هه‌موو هه‌وڵێكی خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌كه‌ی تانگۆ رازی بكات به مانه‌وه له كامپ ن‌و، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان پاریس سانجێرمان و مانچێسته‌ر سیتی ئاماده‌ن ئۆفه‌رێكی گرانبه‌ها بۆ گواستنه‌وه‌ی لیۆ پێشكه‌ش بكه‌ن، له هاوینی داهاتوو هه‌موو شتێك یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
رۆمیلۆ لوكاكۆ
له‌لایه‌كی دیكه رۆمێلۆ لوكاكۆی به‌لجیكی و ئه‌ستێره‌ی ئینته‌رمیلان كه ئێستا یه‌كێك له دیارترین هێرشبه‌ره‌كانی جیهانه بووه‌ته ئامانجی چه‌ند یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌وروپا، له‌سه‌روویانه‌وه مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ده‌دات و ده‌یه‌وێت بیكاته شوێنگره‌وه‌ی سێرخیۆ ئاگوێرۆ كه ئه‌م ئه‌ستێره ئارجێنتینیه نزیكه ریزه‌كانی سیتیزن جێبهێڵێت.
ئێرلینگ هالاند
زۆرترین چاوه‌كانیش له بازاری گواستنه‌وه‌ی هاوینه له‌سه‌ر ئێرلینگ هالاندی نه‌رویجی و ئه‌ستێره‌ی بۆرووسیا دۆرتمۆند ده‌بێت به‌وپێیه‌ی ئه‌م یاریزانه 20 ساڵیه بووه‌ته گۆڵكارێكی نمونه‌یی و سه‌رنجی یانه گه‌وره‌كانی ئه‌وروپای بۆ لای خۆی راكێشاوه، دیارترین ئه‌و یانانه‌ی هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی هالاند ده‌ده‌ن هه‌ریه‌كه له ریال مه‌دریدی ئیسپانی و چێڵسی ئینگلیزین.
كلیان مباپێ
جگه له گواستنه‌وه‌ی هالاند ریال مه‌درید ده‌یه‌وێت مباپێش په‌لكێشی یانه‌كه‌ی بكات و گواستنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌ستێره فه‌ره‌نسیه بووه‌ته ئامانجی سه‌ره‌كی ریال مه‌درید، به‌تایبه‌ت به‌هۆی سه‌رسامی زینه‌دین زیدانی راهێنه‌ر به هاونیشتمانیه‌كه‌ی وایكردووه ریال مه‌درید زیاتر سووربێت له‌سه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌ستێره 21 ساڵانه‌كه، له هه‌مان كاتدا لیڤه‌رپوول ململانێی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه ده‌كات.