كه‌رتی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ره‌و بووژانه‌وه‌ هه‌نگاو ده‌نێت

پێشبینی ده‌كرێت له‌ ساڵی 2021 ژماره‌یه‌كی زیاتری گه‌شتیاران روو له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن

K24- سلێمانی:

دۆخی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان دوای بەڕێکردنی ساڵێکی پڕ لە نەھامەتی، ئەمساڵ بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەھۆی پلانەکانی دەستەی گەشتوگوزار و جێبەجێکردنی رێکارە تەندروستییەکانەوە، بۆ نەورۆزی ئەمساڵ رێژەیەکی باشی گەشتیار ھاتوونەتە پارێزگای سلێمانی و دەستەی گەشتوگوزاریش پلانی ھەیە بۆ ئەمساڵ زۆرترین گەشتیار روو لە ھەرێمی کوردستان بكه‌ن.

له‌كاتێكدا جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵی رابردوو ئاھێکی به‌به‌ر کەرتی گەشت و گوزاردا كرده‌وه‌، ئەمەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەخەی ھاتووچۆوە ئەو کەرتە ساڵێکی پڕ لەنەھامەتی بەڕێکرد، ھەرچەندە ھاتنی گەشتیاران لە ئه‌مساڵدا وەك ساڵی 2019 نەبوو، بەڵام بە گوتەی ئه‌مه‌ل جه‌لال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم، بەپێی ئەو پلانەی کە دایاننابوو، رێژەیەکی باشی گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، زۆرترین گەشتیاریش لە پارێزگای سلێمانی روویان لە ھاوینە ھەواری دووکان کردووە.

به‌گوته‌ی عه‌تا ئه‌نوه‌ر، سه‌رۆكی كۆمپانیا و نووسینگه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سلێمانی، ساڵانی رابردوو لە جەژنی نەورۆزدا گرووپە گەشتیارییەکانی ناوخۆ و دەرەوە رۆڵی سەرەکییان لە بووژانەوەی ئەو کەرتە ھەبوو، بەڵام ئەمساڵ گرووپە گەشتیارییەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کەمتر بوون و گرووپی گەشتیاری ناوخۆیی زیاتر بووە .

بە پێی ئامارەکانی دەستەی گەشت و گوزار ساڵی 2019 زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیار روویان لە ھەرێمی کوردستان کردبوو، ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 900 ھەزار، دەستەی گەشتوگوزاریش پلانی ھەیە بۆ ئەمساڵ لە کاتی بۆنە جیاوازەکاندا زۆرترین گەشتیار روو لە ھەرێمی کوردستان بکه‌ن.

H.B