توركيا وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی ماكرۆن ده‌داته‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ره‌خنه‌ی توند له لێدوانه‌كانی ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌باره‌ی توركیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌گرێت و دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئه‌و لێدوانانه قابیلی قبووڵكردن نین.
حامی ئه‌قسه‌وی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: لێدوانه‌كانی ماكرۆن له‌باره‌ی توركیا و ئه‌ردۆغانه‌وه "نادادپه‌روه‌رانه و ناسه‌ربه‌خۆن"، هه‌روه‌ك گوتیشی: "ئه‌نقه‌ره ئه‌و لێدوانانه به قبووڵنه‌كراو ده‌زانێت و دژی په‌یوه‌ندییه دۆستانه و هاپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵاتن".
ئه‌قسه‌وی دووپاتیكرده‌وه، "ئه‌و سیاسه‌ته‌ی توركیا له رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، سووریا و لیبیا په‌یڕه‌و ده‌كات، سیاسه‌تێكی ره‌وایه و له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای نێوده‌وڵه‌تییه".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئێمه دوایین لێدوانه‌كانی ماكرۆن به ناڕه‌وا ده‌زانین، به‌تایبه‌ت كه ئێستا ئێمه كار بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه ده‌كه‌ین و له‌بری گرژی و ئاڵۆزی نێوان هه‌ردوو وڵات، گرنگی زیاتر به دۆستایه‌تی ده‌ده‌ین".
گوتیشی: "ماكرۆن له‌و كاته‌دا كه له سه‌روبه‌ندی به‌ستنی لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپادان، به‌مه‌به‌ست ئه‌و لێدوانه‌ی به‌و شێوه‌یه داوه".
ئه‌قسه‌وی جه‌ختی كرده‌وه، "توركیا له سیاسه‌ته هه‌رێمایه‌تییه‌كه‌ی و په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كیشوه‌ری ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانی ناتۆ به‌رده‌وام ده‌بێت و گه‌وره‌ترین هه‌نگاویش له‌وباره‌یه‌وه ده‌نێین".
هه‌روه‌ها لێدوانه‌كه‌ی ماكرۆن له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ ده‌ستوه‌ردان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی فه‌ره‌نسای به "مه‌ترسیدار" وه‌سفكرد و گوتیشی: "توركیا هیچ ئه‌جێندایه‌كی له فه‌ره‌نسا نییه، ته‌نیا سه‌قامگیری و گونجاندنی ره‌وه‌ندی تورك نه‌بێت له‌و وڵاته، كه ژماره‌یان ده‌گاته 800 هه‌زار كه‌س".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه ئیمانوێل ماكرۆن، له میانه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا، كه شه‌وی رابردوو له كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی "فرانس 5" بڵاوبكرایه‌وه، دووپاتیكرده‌وه، پێویسته پێگه‌ی توركیا له هاوپه‌یمانی ناتۆدا روون و ئاشكرا بێت و ده‌بێت لایه‌نه ئه‌وروپییه‌كان له‌میانه‌ی لووتكه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ناتۆدا رێكاره‌كانی دژ به ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا توندتر بكه‌ن.
هه‌روه‌ها گوتی: "ناكرێت له‌ناو هاوپه‌یمانی ناتۆدا هه‌موو كارێك ئه‌نجام بدرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌و كارانه‌ی له چه‌ند مانگی رابردوودا توركیا ئه‌نجامیداون".
ماوه‌یه‌كه گۆژی و ئاڵۆزی له دیپلۆماسیه‌تی نێوان پاریس و ئه‌نقه‌ره‌دا هاتوونه‌ته ئاراوه، له‌كاتێكدا هه‌ردوو وڵات ئه‌ندامی ناتۆن، به‌ڵام له زۆرێك له پرسه‌كاندا ناكۆكن، به‌تایبه‌ت پرسه‌كانی لیبیا، سووریا و رۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای سپیی ناوه‌ڕاست.
به‌مدواییانه لێدوانه دژیه‌كه‌كانی نێوان ماكرۆن و ئه‌ردۆغان توندتر بوونه و گه‌یشتوونه‌ته ئاستێك، كه له یه‌كێك له لێدوانه‌كانیدا ئه‌ردۆغان جه‌خت له‌سه‌ر گومانی خۆی له "ته‌ندروستی ده‌روونی" ماكرۆن بكاته‌وه.
جێگای ئاماژه‌یه، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له 2ی ئه‌م مانگه رایگه‌یاند، كه دانوستانێكی بونیادنه‌ری له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن ئه‌نجامداوه، ئه‌مه‌ش دوای ماوه‌یه‌ك له گرژی و ئاڵۆزی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.
H.B