ئیسرائیل.. سبه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كرێت

ته‌نگژه‌ی سیاسی له‌ ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌
ئیسرائیل.. سبه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كرێت
ئیسرائیل.. سبه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردن ئاشكرا ده‌كرێت

K24 – ھەولێر:

چوارەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ماوەی دوو ساڵدا لە ئیسرائیل بەڕێوەچوو، لەسەدا 93ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بڕیارە رۆژی هەینی 26ی ئادار ئەنجامی کۆتایی دەنگدان رابگەیەندرێت.

ئەڤیگدۆر ئێسكین شارەزا و سیاسەتمەداری ئیسرائیلی تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند: پارتی لیکود بە سەرۆکایەتی بنیامین ناتنیاهۆ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی 61 بۆ 62 کورسی پەرلەمانیان لە کۆی 120 کورسی مسۆگەر کردووە.

ئیڤیگدۆر ئێسكین، شارەزا و سیاسەتمەداری ئیسرائیلی گوتی: "ئیسرائیل لە سەردەمی ناتنیاهۆدا سەلماندوویەتی وڵاتێکی خاوەن پێگە و هاوپەیمان و دۆستێکی راستەقینە و متمانە پێکراوە. ئێستاش پارتی لیکۆد و هاوپەیمانەکانیان لە کۆی 120 کورسی پەرلەمان 61 بۆ 62 کورسیان مسۆگەر کردووە و حکومەتی داهاتوو بەسەرۆکایەتی ناتنیاهۆ پێکدەهێندرێتەوە. بەدووری دەزانم هەڵبژاردنی پێنجەم بەرێوەبچێت، چونکە خەڵکی ئیسرائیل ماندووبوون و هەر پارتێکیش داوای هەڵبژاردنی پێنجەم بکات، خەڵک سزای دەدات و دەنگەکانی ناتنیاهۆ هێشتا زیاتر دەبن."

سەرۆک پەیمانگەی دیموکراسی ئیسرائیل پێیوایە ئیسرائیل لە قەیرانێکی سیاسی زۆر سەختدایە، چونکە سیستمی هەڵبژاردن کەموکورتی تێدایە ناتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانێکی زۆر بەهێزە و سەرەرای ئەوەی لە دادگا کەیسی لە دژ کراوەتەوە بەڵام دەیەوێت لە دەسەڵات بەردەوام بێت و لەلایەن خەڵکیەوە پەسەندکراوە

یۆهانان پلێسنەر سەرۆکی پەیمانگەی دیموکراسی ئیسرائیل گوتی: "ئیسرائیل لە خراپترین دۆخی سیاسیدایە بە بەراورد بە دەیان ساڵی رابردوو. دوای 4 هەڵبژاردن هێشتا هیچ پارتێک زۆرینە نیە و سەقامگیری سیاسی نیە. هۆکارەکەشی لاوازی سیستمی هەڵبژاردن و بەهێزی ناتنیاهۆیە، کە سەرەرای تۆمەتباربوونی بە گەندەڵی؛ بەڵام هێشتا دەیەوێت لەدەسەڵات بمێنێتەوە. بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئیسرائیلدا پێشبینی دەکرێت لەگەڵ پارتی عەرەبی ئیسلامی هاوپەیمانی بکرێت و حکومەتی داهاتوو بە سەرۆکایەتی ناتەنیاهۆ پێکبهێندرێت. دوای نیوەرۆی رۆژی هەینی ئەنجامی کۆتایی رادەگەێندرێت."

هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی رۆژی سێشەممە، کە چوارەمین هەڵبژادن بوو لە دوو ساڵی رابردوودا، وەک ریفراندۆمێک بوو بۆ ناتنیاهۆ، کە هێشتا لەلایەن ئیسرائیلیەکانەوە بەهێزترین سیاسیە. تا ئێستا پارتەکەی و چەند هاوپەیمانێکی 52 کورسی پەرلەمانییان یەکلا کردوونەتەوە و ئۆپۆزسیۆن 57 کورسی هەردوو پارتی یامینا کە 7 کورسییە و پارتی عەرەبی ئیسلامی 4 کورسیان هەیە زۆر نزیک لەوەی لەگەڵ پارتی لیکۆد هاوپەیمانی پێک بهێنن و بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئیسرائیدا پارتی ئیسلامی عەرەبی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی ئیسرائیل دەستنیشان بکات.