ئه‌ندازیارێكی كورد به‌شداربووانی پیشبڕكێیه‌كی سه‌رسام ده‌كات
لە هەولێری پایته‌خت و لە زانکۆی ئیشک دووەمین پیشبڕکێ زانستی ئه‌ندازیاری لە ژێر ناوونیشانی "هاندانی نیشتیمانی لە بواری ئەندازیاری" بەڕێوە چوو، پرۆژه‌يه‌كى ئه‌ندازيارێكى كورديش به‌شداربووانى مه‌راسيمه‌كه و لێژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى پێشبڕكێيه‌كه‌ى سه‌رسام كرد، چونكه پرۆژه‌ى ئه‌م ئه‌ندازياره له وه‌رزى زستاندا چاره‌سه‌رێكى بنه‌ڕه‌تى له‌و لافاو و ئاوه‌زۆره‌ى له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كۆده‌بێته‌وه ده‌كات و رێگرى له گيرانى مه‌زرا و مه‌نهۆڵه‌كان ده‌كات.
پێشبڕکێیەکە بوارەکانی ئەندازیاری شارستانی، تەلارسازی، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆجیای زانیاری لە خۆگرتبوو، قوتابیانی 10 زانكۆی هه‌رێمی كوردستان به 114 پرۆژه به‌شدارییان كرد.
لەو پێشبڕکێیەدا قوتابیان پرۆژە و داهێنان و بیرۆکەکانیان نمایش کرد بوو، لیژنەیەکی هەڵسەنگاندنیش لە پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆ بەشداربووەکان پێکهاتبوو بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆژەکان.
لە کۆتایی مەراسیمەکەدا و دوای نیشاندانی پرۆژە و ڕوونکردنەوە بیرۆکەکانیان بۆ لیژنەکە و میوانان، دواجار لە ڕێوڕەسمێکدا یەکەم و دووەم و سێیەمی دیاریکران و خەڵات بەسەر سەرکەوتووەکاندا دابەش کرا.
براوه‌یه‌كی پیشبركێیه‌كه قسه‌ی خۆی هه‌یه
چالاک ئەحمەد کە قوتابییه‌كی كوردی کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی ئیشکە، بە پرۆژەیەک بەشداریی ئەو پێشبڕکێیە بوو، یەکێک بوو لە براوەکانی پێشبڕکێیەکە.
ئەو لە بارەی بیرۆکەی پرۆژەکەیەوە بۆ کوردستان 24 گوتی: "کاری ئێمە بریتی بوو لە ئامادەکردنی جۆرێکی تایبەتی کۆنکریت کە پێی دەوترێت pervious concrete یان porous concrete کە توانای تێپەڕبوونی ئاوی هەیە بە ناو کۆنکریتەکەدا، چونکە لە ئامادەکردنی ئەم جۆرە کۆنکریتە تەنیا چیمەنتۆ و چەو بەکار هاتووە، لمی تێدا بەکار نەهاتووە، کە ئەمەش وا لە کۆنکریتەکە دەکات کە ئاو بەناویدا تێپەڕ ببێت".
سوودی پرۆژه‌كه
ناوبراو لە بارەی ئەوەی کە ئایا ئەم کۆنکریتە لە کوێدا دەتوانرێت سوودی لێببینرێت گوتی: "بە کارهێنانی ئەم جۆرە کۆنکریتە زۆر گرنگە لە شوێنی پارکینگی ئۆتۆمبێل بە تایبەت لە وەرزی باران و لافاودا لەو کاتەی کە مەنهۆڵەکان و سیستمی ئاوەڕۆ توانای ڕاکێشانی ئاوی باراناویان وەک پێویست نەبێت، بەکارهێنانی ئەم جۆرە کۆنکریتە یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەمانەوەی ئاو لەسەر ڕووی شەقام و شوێنە کۆنکریتییەکان.
شێوازێكی نوێ و داهێنانێكی گه‌وره
چالاك ئه‌حمه‌د، له بەشێکی تری قسه‌كانیدا بۆ كوردستان24 له باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی پرۆژه‌كه‌ی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه شێوازێکی نوێی بەکارهێنا بوو لە ئاوڕشێنی کۆنکریتەکەدا بەوەی کە کۆنکریتەکە بۆ ماوەی 17 كاتژمێر سەرەتای تەمەنی لە ژێر هەڵمدا دابنرێت، کە ئەو هەڵمە وا لە کۆنکریتەکە دەکات بەرگری سەرەتایی کۆنکریتەکە 60% زیاتر بێت لەو کۆنکریتەی کە ئەو هەڵمەی پێنەکەوێت.
داواكاری هه‌یه
چالاك به‌پێی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی له‌م پرۆژه‌یه پێی گه‌یشتووه، پێشنیار بۆ ئه‌و کارگانەی کە کۆنکریت بەکار دەهێنن ده‌كات کە بەکارهێنانی ئاوڕشێن بە هەڵم یارمەتیدەرێکی باشیان دەبێت بۆ خێراکردنی بەرهەمەکانیان، چونکە لە تەمەنەکانی سەرەتایی کۆنکریتەکەدا بەرگرییەکی زیاتریان دەست دەکەوێت و بەمەش کاتێکی کەمتری پێویستە تا کۆنکریتەکە ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان.