كێشه‌ی بێ ئاوی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
به هۆی ئه‌و بارانه‌ی له سێ رۆژی رابردوودا له ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان باری، ئاوی رووباره‌كان شێلوو بوو و به‌و هۆیه‌وه یه‌كه‌كانی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی هه‌ولێر له‌كار وه‌ستان و ژماره‌یه‌ك له‌و گه‌ڕه‌كانه‌ی پشتیان به ئاوی ئیفراز به‌ستبوو، ئاویان بڕا.
له‌و باره‌یه‌وه، به‌ڕێوبه‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان، ئاری ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، ئه‌و كێشه‌یه‌ی نه‌بوونی ئاو له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر درووست بووه، به هۆی پیسبوونی ئاوی رووباره‌كانه‌وه‌یه، وێستگه‌كانی پاڵاوتنی ئاو فریای ئه‌وه ناكه‌ون بڕی پێویستی ئاوی خواردنه‌وه بپاڵێون و به‌و هۆیه‌وه كێشه‌ی بێ ئاوی له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی هه‌ولێر درووست بووه.
گوتیشی: له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا وێستگه‌كان به‌كار ده‌خرێنه‌وه و كێشه‌ی بێ ئاوی چاره‌سه‌ر ده‌بێت.