دوو حەشارگەی داعش لە رۆژئاوای ئەنبار تەقێنرانەوە
K24 - ھەولێر
دوو حەشارگەی داعش لە رۆژئاوای ئەنبار تەقێنرانەوە و بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکیشەوە لە رۆژئاوای مووسڵ، کەسێک گیانی لەدەستدا.
یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، دوو حەشارگەی داعش لە ناوچەیەکی سەربە قەزای روتبە لە رۆژئاوای ئەنبار تەقێنرانەوە و ژمارەیەک چەک و بڕێک تەقەمەنیش دۆزرایەوە.
لەلایەكی دیكە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکیشەوە لە گوندی تاوڵە سەربە شارەدێی عەیازییە لە رۆژئاوای مووسڵ، کەسێک گیانی لەدەستدا.
هاوکات بۆمبێکی دیکە لە ناوچەی جەربوعییە لە سەماوە تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو کەسی سڤیل برینداربوون، لە قەزای شارەبانیش لە سنووری پارێزگای دیالە، پۆلیسێک لەلایەن چەکدارانی نەناسراو کوژرا، لە ناوەڕاستی بەسرەش، تەرمی کچێک بە پارچە پارچەکراوی لە زبڵخانەیەکدا دۆزرایەوە.