لووتكه‌ی میسر – ئوردن – عێراق دواخرا
K24 - هه‌ولێر:
لووتكه‌ی میسر – ئوردن – عێراق دواخرا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش ئاماژه به‌وه ده‌كات، كه به‌هۆی رووداوی پێكدادانی دوو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی پارێزگای سوهاجی میسر، كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و لووتكه دواخراوه.
رۆژی هه‌ینی 26ی ئادار/ مارسی 2021، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تێیدا داخستنی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر سێ وڵاته‌كه و كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی راگه‌یاند.
وه‌ك له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، هۆكاری دواخستنی كۆبوونه‌وه‌كان، رووداوی پێكدادانی دوو شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ی پارێزگای سوهاجی میسره‌و كه به‌هۆیه‌وه 32 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا و 108 كه‌سیش برینداربوونه، وه‌ك وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی میسر ئاماره‌كانی بڵاوكردووه‌ته‌وه.
حوسێن عه‌لاوی، راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه بۆ كۆتایی مانگی ئادار دواخراوه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌شێك له چاودێرانی سیاسی عێراق باس له‌وه ده‌كه‌ن، هۆكاری دواخستنه‌كه په‌یوه‌ندی به نمایشی چه‌كدارانی میلیشیای ربع الله هه‌یه له به‌غدای پایته‌خت، كه تێیدا هه‌ڕه‌شه‌ی توندیان له سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش كرد.