زیاتر لە 268 ملیار و 80 ملیۆن دینار بەسەر جوتیاران دابەش دەكرێت

لە ھەولێر رۆژانە 250 چەك دەدرێت بە جوتیاران
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، بەغدا زیاتر لە 268 ملیار و 80 ملیۆن دیناری رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە، بڕیاربوو زووتر دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی پشووی نەورۆزەوە دواکەوت و سبەی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت. هەروەها بانکەکانیش بڕیاریان داوە رۆژانە 250 چەک دابەش بکەن.

نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە كوردستان24ی گوت: "ماوەیەك پێش ئێستا حكومەتی عێراق بڕی 268 ملیار و 80 ملیۆن و 498 ھەزار دیناری وەك شایستەی دارایی ساڵی رابردووی جوتیارانی رەوانەی ھەرێمی كوردستان كرد، بەڵام بەھۆی پشووەكانی نەورۆز دابەشكردنی دواكەوت، سبەی دەست بە دابەشكردنی ئەو بڕە پارەیە دەكرێت و ھەموو چەكەكان ئامادەیە".

گوتیشی: "بانكەكان لە ھەولێر بڕیاریانداوە لە سبەیەوە رۆژانە 250 چەك دابەش بكەن و پارە بدەن بە جوتیاران، بەڵام ئەوەی سلێمانی دوو رۆژی دیكە دوادەكەوێت، چونكە لەوێ تەنھا لە بانكێك پارەكە دەدرێت و لەو بانكە پارەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت".

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئاماژەی بەوەشكرد: "لە سنووری پارێزگای دھۆك لە پێش جەژنی نەورۆزەوە چەك بەسەر ژمارەیەك جوتیار دابەشكراوە".

ھ.م